بەردەوامیی كورتهێنانی بودجەی موچە سەرەڕای گەڕانەوەی 300 ملیۆن دۆلاری نەوت

(0) / کردستان


Jun 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، قسەی لەگەڵ وەزیری دارایی كردوە و پێی وتوە كە 300 ملیۆن دۆلار نەوت گەڕاوەتەوە خەزێنەی وەزارەتەكەیان. لەگەڵ ئەوەش ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، بەهۆی كەمبونەوە یا كەمكردنەوەی داهاتی ناوخۆوە جگە لە لەسەدا 21ی لێبڕینی موچە، لەسەدا 20ی دیكەش كورتهێنان هەیە بۆ دابینكردنی موچە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عەلی حەمەساڵح، بە كەناڵی روداوی راگەیاند"بابەتی دواكەوتنی موچە سیاسییەو لە سیاسییەكەشدا گەندەڵییە، كە یەكدییان بە بارمتە گرتوە، ئەمە هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی موچەیە."
وتیشی"بەپێی ئەوەی ئەمشەو من بەدواداچونم كردوە لە وەزارەتی دارایی و لە وەزیری داراییم بیستوە، 300 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە، مانگانی پێشو زوتر دەگەڕایەوە، بەڵام داهاتی ناوخۆ، ئەوەی خاڵە سنورییەكان و رسومات و باجی پێدەوترێت، كەمی كردوە یاخود كەم دەدەن. چونكە داهاتی ناوخۆ، دەتوانم بڵێم لەدەست حزبدایە، ئەم كەمی ئەكاتەوەو ئەویش كەمی ئەكاتەوە، هەردوكیان میللەتیان بە بارمتە گرتوە."
ئەو پەرلەمانتارەی هێمای بۆ ئەوەش كرد كە "بەداخەوە وا بڕوات موچە 40 رۆژ بۆ زیاتر دوادەكەوێت، بۆ نمونە مامۆستا مانگی پێشو 27ی مانگ موچەی وەرگرتوە، بەڵام ئەم مانگە ئەگەر حەوتی حوزەیرانیش وەریبگرێت، بەمەش دەبێتە 40 رۆژ كە بە لێبڕینی لەسەدا 21یشەوەیە."
ئاشكراشیكرد"ئێستا لە خەزێنەی داراییدا جگە لەو لەسەدا 21ەی لێبڕین، لەسەدا 20یش كورتهێنان هەیە بۆ دابینكردنی موچە."
بەبڕوای عەلی حەمەساڵح "لوژیكی نییە داهاتی ناوخۆ لە مانگێكدا لەسەدا 40 بۆ 45 كەم بكات. داهاتی ناوخۆ بە دەست حزبەوەیە، بەدەست حكومەتەوە نییە، كەی چەندیان ویست ئەوەندە دەدەن، وەك ئەوەی خێر بەم وڵاتە بكەن. بۆیە ئەمە كێشەی تەكنیكی نییە، بەڵكو ئەنجامی گەندەڵییەكی رێكخراوە كە لوتكەی دەسەڵات لەم وڵاتە لێی بەرپرسە."
ئەوەشی خستەڕو"داهاتی سلێمانی كەمی كردوە، جا كەمی كردوە لەبەر گەندەڵی یان كەمی كردوە لەبەر كەمی جوڵەی بازرگانی، كەمی كردوە. ئەمانیش لەداخی سلێمانی، داهاتیان كەمكردۆتەوە. من پێموایە بەشێكی ئەوەی داهاتی نەوتیش راگیرابو، ئەمەیە. بەڵام لە ئەنجامدا هەردو حزب سزای خەڵك دەدەن، قەت سزای یەكتر نادەن."
هەروەها ئاماژەی بەوەدا "داهاتی نەوت زۆر خۆشە، نەوت بە 50 دۆلار بێت، بە 60 دۆلار بێت، بە 70 دۆلار بێت، داهاتەكەی بۆ حكومەت مانگانە هەر 300 ملیۆن دۆلارە. 100 دۆلاریش بە 146 هەزار دینار بێت بە 147 هەزار بێت بە 148 هەزار بێت، هەر بە 145 هەزار دینار دەدرێت بە ئاڕ تی بانك."