شێركۆ جەودەت: حکوومەتی هەرێم 31 ملیار دۆلاری دزیوە

(0) / کردستان


Jun 29, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، حكومەت وردەكاری بڕی ئەو قەرزە ناخاتە ڕوو كە بریتیە لە 31 ملیار دۆلار، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم ئەوەی بڵێین ئەم پارەیە دزراوە چونكە هیچ وردبینیەكی بۆ نەكراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: وەك سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی باسی كرد، لە ماوەی شەش مانگدا لە مانگی 10ی 2020 ەوە بۆ مانگی چواری 2021، سێ‌ ملیار دینار قەرزەكانی حكومەت زیادی كردووە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو وتی: لە هەمووی كارەسات بارتر ئەوەیە سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران زانیاری لەسەر ئەم قەرزە خستەڕوو بەڵام دوای ئەوەی كە رۆشت ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران وتی ئەم ژمارەیە هەڵەیە چونكە وردبینی نەكراوە، بۆیە شڵەژاوییەكی زۆر دیارە بە حكومەتی هەرێمەوە.
وتیشی: پێویستە راپۆرتێكی فەرمی لەسەر بڕی ئەو قەرزە بدرێتە پەرلەمان كە وردبینی تێدا كرابێت، ئەگەر وانەبێت ئەم بڕە پارەیە دزراوە چونكە هیچ وردبینیەكی بۆ نەكراوە.
روونیشیكردەوە، پرسی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێبڕینی مووچە نەبووەتە قەناعەت لای حكومەت، پێیشیان بكرایەت زووتر بڕیاری لێبڕینی مووچەیان دەردەكرد، بۆیە ئێستا حكومەت بە بیانووی ئەوەی كە دەڵێت قەرزارم لێبڕینی موچە هەڵناوەشێنێتەوە.
رۆژی 28_6_2021 پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی وەزیری دارایی و سامانە سرووشتییەكانی كرد و كۆبوونەوەیەكی دوور و درێژ بەڕێوەچوو، بەڵام نەتوانرا بڕیاری هەڵوەشانەوەی لێبڕینی مووچە دەربكرێت، هاوكات سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: لە یەك ساڵدا قەرزەكانی حكومەت ( 3 ملیار دۆلار) زیادیكردووە، ئێستا قەرزەكانی حكومەت بووەبە ( 31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار.