وەزیرى خوێندنى باڵای هەرێمی کوردستان لە یۆنان چەند دامەزراوەیەکى زانستى بەسەردەکاتەوە

(0) / کردستان


Jul 02, 2021

قەبارەی فۆنت:

 لە چوارچێوەى سەردانى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بە سەرۆکایەتى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەندامیەتى (د. عبدالفتاح عبدالرزاق) بریکارى وەزارەت و (د. ئامانج عەبدوڵا سەعید) ڕاوێژکارى وەزارەت و (د. جوان جەلال شەریف) بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان بۆ وڵاتى یۆنان، لەگەڵ (Mr. Stavros KALAFATIS) جێگری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری ناوچەکانی  مەسەدۆنیاو ثرەیس لەوڵاتى یۆنان کۆبونەوە.
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە وتەیەکدا جێگرى وەزیرى ناوخۆ خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بۆ سەردانى وەفدى هەرێمى کوردستان بۆ وڵاتى یۆنان و هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە سەرەتایەک بۆ دانانى بەردى بناغەى پەیوەندى پتەوى زانستى و ئەکادیمى لەنێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى یۆنان، لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانى خۆى نیشاندا بۆ هەمو ئەو هەونگاو و پرۆژە هاوبەش و لێکگەیشتنانەى کە لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پەروەردەو کاروبارى ئاینى یۆنان لەماوەى چەند رۆژى ڕابردو گفتوگۆیان  لەبارەوە کراوە.
 لە بەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وێڕاى سوپاسگوزارى بۆ ئەم پێشوازییە، جەختى کردەوە لەنێوان گەلى یۆنان و گەلى کوردستان بەهاو تێگەیشتنى هاوبەش هەیە، ئەمەش وا دەکات پەیوەندییەکان بەئاراستەى فراوانتر هەنگاو بنێن، وتیشى: لەچەند رۆژى ڕابردو گفتوگۆى گرنگ و ستراتیژیمان ئەنجام داوەو پرۆژەى هاوبەشى گرنگیش بڕیارى لەسەر دراوە، بۆیە هیوامان وایە ئەم پەیوەندیانە ببەینە قۆناغێکى دیکەى پێشکەوتو بۆ ئەوەى بتوانین هەمو ئەو پرۆژانەى کە بڕیاران لەبارەوە دراوە جێبەجێیان بکەین.
هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر سوپاسى حکومەت و گەلى یۆنانى کرد بۆ پشتیوانیەکانیان کە هەمیشە ئەوان پشتیوانى هاوڵاتیانى کوردستان و دۆزى رەواى گەلى کوردستان بونەو دوپاتى کردەوە یۆنان بۆ ئێمە یەکێکە لە دەرگا گرنگەکانى کرانەوەو تێکەڵبون لەگەڵ سیستمى خوێندنى پێشکەوتوى ئەوروپاو وڵاتانى دونیا.
لەلایەکى دیکەوە وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەوڵاتى یۆنان سەردانی سکوڵی تەکنیکی کشتوکاڵی ئەمەریکی لە شاری سالۆنیکایان کردو لەگەڵ (Mr.Panos KANELLIS) سەرۆکی سکوڵ و ڕاگری سکۆڵی خوێندنی پرۆفێشناڵ و تەکنیکی و بەڕێوەبەری خوێندنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان کۆبونەوە.
 جێگەى ئاماژەیە سکوڵی تەکنیکی کشتوکاڵی ئەمەریکی، یەکێکە لە دامەزراوە گرنگەکانى پیشەیى کەسەرجەم ئاستەکانى خوێندنى تێدایە، کارەکانى ئەم سکوڵە تایبەتە بەکشتوکاڵ و تەکنەلۆجیاى زانستى خۆراک، خوێندکاران بەشێوەى پراکتیکى لەسەر پرۆژەکانى بەروبومی ڕوەک و ئاژەڵدارى وەبەرهێنان لەبوارى بەخێوکردنى پەلەوەر دەکەن و بابەتەکان بە شێوازی پراکتیکى ئەنجام دەدەن، هەر خۆشیان لە ڕوی ئابورییەوە بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان دەدۆزنەوە. ئەم سکوڵە بەردەوام ڕاوێژی زانستی دەدەنە جوتیاران و کۆرسی ڕاههێنانی بەردەوامیش بۆ جوتیاران ڕێک دەخەن.
 بۆ ئەمەش لە گفتوگۆیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە هەرێمى کوردستان کەرتى کشتوکاڵ گرنگى خۆى هەیە، یەکێک لە بەرنامەکانى حکومەتى هەرێم لە فرەجۆرکردنى سەرچاوەکانى ئابورى بریتیە لە گرنگیدان و بوژانەوەى کەرتى کشتوکاڵ، بۆیە دەکرێت سود لەم جۆرە سکوڵە وەربگیرێت.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا کردنەوەى کەمپەسێکى سکوڵى تەکنیکى کشتوکاڵى ئەمریکى لە هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بڕیاریش درا لەلایەن لێژنەیەکى هاوبەشەوە تاوتوێى زیاترى ئەم پرۆژەیە بکرێت، بەو پێیەى ئەم جۆرە پرۆژەیە بۆ هەرێمى کوردستان دەبێتە پەرەپێدانى زیاترى کەرتى کشتەکاڵ و خوێندنى پیشەیى کشتوکاڵى و باشتکردنى زیاترى بەرهەمە کشتوکاڵیەکان. لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکى سکوڵى تەکنیکى کشتوکاڵى ئەمریکى پێشوازى لەم دەستپێشخەریە کردو ئامادەى نیشاندا بۆ هاوکاریکردنى زانکۆکانى کوردستان.
هاوکات سەرۆکی سکوڵی تەکنیکی کشتوکاڵی ڕایگەیاند کە سکوڵەکەیان ئامادەیە کورسی خوێندنی ماستەر لەبواری تەکنۆلۆجیای خۆراک بۆ خوێندکارانی کورد دەستەبەر بکات، ئەم کۆرسانە جگە لە بابەتە سەرەکییەکانی تایبەت بە تەکنۆلۆجیای خۆراک، کۆمەڵێک بابەتی دیکەی تایبەت بە سەرکردایەتی کردنی دامەزراوەکانی خوێندن و بەڕێوەبردنی پرۆژەی کستوکاڵی لەخۆ دەگرێت.
 لە درێژەى سەردان و بەسەرکردنەوەکانیان بۆ وڵاتى یۆنان، وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ Mr. Alexander Thanos جێگری پارێزگاری ناوەندی مەسەدۆنیا بۆ کاروباری گەشتوگوزارو Mr. Sotirios Batos جێگری پارێزگاری ناوەندی مەسەدۆنیا بۆ کاروباری ئابوری کشتوکاڵی کۆبونەوە.
 لە کۆبونەوەیەکدا جێگرانى پارێزگارى ناوەندى مەسەدۆنیا، بە گرنگیەوە باسیان لە سەردانەکەى وەفدى هەرێمى کوردستان کرد بۆ وڵاتى یۆنان و پارێزگاکەیان، بۆ ئەمەش بە بایەخەوە باسیان لەو پرۆژە گرنگ و هاوبەشانە کرد کە لە نێوان هەردولا کرا بڕیاریان لە بارەوە دراوە.
 لەم کۆبونەوەیەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند کە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و یاساکانی وەبەرهێنان دەرفەتێکی گونجاویان ڕەخساندوە بۆ وەبەرهێنانی نێشتیمانی و نێودەوڵەتی لە کەرتە جیاجیاکانی ئابوری بە تایەت لە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری، هەر بۆیە گرنگە کە سود لە ئەزمونی دریژخایەنی وڵاتی یۆنان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری وەربگیرێت.