پەرلەمانتارێکی پارتی نەناردنی داهاتی سلێمانی بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە دەزانێت

(0) / کردستان


Jul 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێكی لیژنەی دارایی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند، سیستی و دواكەوتنی مــوچە بەهۆی نەناردنی داهاتی سلێمانیەوەیە، پەرلەمانتارێكى فراكسیۆنی یەكێتیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات  موچە پێویستی بە 710 ملیارە، داهاتی سلێمانی 94 ملیار دینارە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لیزا كاكەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی له‌ دیدارێكى ته‌له‌ڤزیۆنیدا رایگه‌یاندووه‌، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە لێبڕینی (21%)پێویستی بە  (504 ملیۆن) دۆلار هەیە بۆ موچە، 335 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت، 153 ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆ، 16 ملیۆن دۆلاری پارەی هاوپەیمانان، 86 ملیۆن دۆلار لە  پارێزگای هەولێر و دهۆك دەخەنە خەزینەوە، 65 ملیۆن دۆلار دەبێت پارێزگای سلێمانی بیداتە خەزێنە .

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، ئەو پارەیەی لە سلێمانیەوە دێت مانگی پێشوو كێشەی بۆ درووست كراوەو ئەم مانگەش كێشەی بۆ درووستكراوە، سستی دابەشكردنی موچە پەیوەندی كێشەی داهاتی سلێمانیەوەیە، مانگی پێشوو لە سلێمانیەوە تەنیا (35) ملیۆن دۆلار نێردرا بۆ خەزێنە دواتر (30) ملیۆن دۆلارەكەی تر هات.

ده‌شڵێت، ئیدارەی سلێمانی لە كۆی داهاتی مانگەی 30 ملیۆن ی نەناردووە ئەمەش بووەتە هۆی دواكەوتنی موچە، داهاتی ناوخۆ بەشێوەی لامەركەزی كۆدەكرێتەوە، 88%ی داهاتی حكومەت بۆ موچە دەڕوات ، رێژەی موچەخۆرانی پارێزگای سلێمانی 42% و كۆی موچەی موچەخۆرانی ئەوپارێزگایە 212 ملیۆن دۆلارە، بەڵام لە سلێمانیەوە دەڵێن ئێمە 85 ملیۆن دۆلار دەدەین، جارجار 55 ملیۆن دۆلار دەدەن و 30 ملیۆن دۆلارەكەنادەن.

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، ئەو كورتهێنانەی لە موچەی موچەخۆرانی پارێزگای سلێمانیدایە، لەو داهاتەی دەیدات بریتیە لە(127 ملیۆن) دۆلار، ئەمەش خەڵكی هەولێر و دهۆك باجەكەی دەدەن.

لیزا كاكه‌یى رونیكرده‌وه‌، بۆیە قاچاغچێتی لە  خاڵە سنورییەكانی پارێزگای سلێمانی زۆر زیادی كردووە، داهاتی ناوخۆ بریتیە لە:

- داهاتی ناوخۆ 97 ملیۆن دۆلارە، 65%ی لە هەولێر و دهۆكەو 35%ی لە سلێمانیەوەیە

- داهاتی باج : 27 ملیۆن دۆلارە، 83%ی لە هەولێر و دهۆكە 17%ی لە سلێمانیە.

له‌لاله‌یه‌كى دیكه‌وه‌ سەركۆ گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی له‌ هه‌مان چاوپێكه‌وتنى ته‌له‌ڤزیۆنیدا وتى، هەموو داهاتەكان دەگەڕێتەوەبۆ خەزێنەی دەوڵەت، هیچ كێشەیەك نیە لە  ناردنی داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی دەوڵەت ، سستی دابەشكردنی موچە پەیوەندی بە پارەی سلێمانیەوە نیە، چونكە موچەپێویستی بە 710 ملیار دینارەو داهاتی سلێمانی 94 ملیار دینارە.

رونیشیده‌كاته‌وه‌، لە داهاتی ناوخۆ لە مانگی پێنجدا 94 ملیار دینار لەسلێمانیەوە نێدراوە، 123 لە هەولێر و دهۆكەوە  نێردراوە، مانگی چوار 116 ملیار دینار لە سلێمانیەوە 153 لە هەولێر و دهۆكەوە، مانگی سێ 133 ملیار دینار لە سلێمانیەوە 176 لە هەولێر و دهۆكەوە، مانگی دوو 161ملیار دینار لە سلێمانیەوە 213 لە هەولێر و دهۆكەوە، مانگی یەك 161 ملیار دینار لەسلێمانی، 213 ملیار دینار لەهەولێر و دهۆك نێردراوە بۆ خەزێنەی حكومەتی بە وتەی وەزیری دارایی.

دوپاتیشیكرده‌وه‌، داهاتی مانگی یەكی سامانە سروشتیەكان 322 ملیار دینار بووە داهاتی ناوخۆ 233 ملیار دینار بووە، داهاتی مانگی دوو سامانە سروشتیەكان 325 ملیار دینار بووە داهاتی ناوخۆ 306 ملیار دینار بووە، داهاتی مانگی سێ سامانە سروشتیەكان 396 ملیار دینار بووە داهاتی ناوخۆ 310 ملیار دینار بووە.

 سه‌ركۆ گه‌ڵاڵى ده‌شڵێت، داهاتی مانگی چوار سامانە سروشتیەكان 437 ملیار دینار بووە داهاتی ناوخۆ 357 ملیار دینار بووە، داهاتی مانگی پێنج سامانە سروشتیەكان 494 ملیار دینار بووە داهاتی ناوخۆ 301 ملیار دینار بووە، ئەو بیركردنەوە هەبوو كە حكومەتی هەرێم دەچوو بۆ بەغداد، لە لیژنەی دارایی پەرلەمانتارانی بەسرەدەیان وت چۆن دەبێت پارەی بەسرە بچێت بۆ هەولێر و دهۆك، ئێستا ئەمان دەڵێن چۆن دەبێت پارەی نەوتی هەولێر و دهۆك بچێت بۆ سلێمانی.

گه‌ڵاڵى ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، قاچاغچێتیەكی زۆر لە خاڵی سنوری حاجی ئۆمەران دەكرد، لە خاڵی سنوری بیشخاپورەوە رۆژانە 27 هەزار بەرمیل نەوت قاچاغچێتی دەكرێت.