فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی بایکۆتی دەوام موچە


Jul 05, 2021

قەبارەی فۆنت:

فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد و داوای دابەشکردنی موچە بەبێ لێبڕین و لە وادەی خۆیدا دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فەرمانبەرانی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تەموزی 2021، بایکۆتی دەوامیان کرد و لەبەردەم بینای شارەوانی گردبوونەوە و داوادەکەن لێبڕینی موچە کۆتایی پێبێت و لەکاتی خۆیدا موچە دابەش بکرێت.
یەکێک لە گرفتەکانی فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش زیادکرنی دەوامە لە دوو ڕۆژەوە بۆ پێنج ڕۆژ لەگەڵ ئەوەی بە لێبڕینەوە موچەیان پێدەدرێت.
ئەو فەرمانبەرانە دەڵێن، "کە دەوامیان بۆ زۆر کردووین با موچەکەشمان بە تەواوی  و لەکاتی خۆیدا پێبدەن کە زۆربەمان پێش هاتنی سەری مانگ قەرز دەکەین."  
فەرمانبەرێک ئاماژەی بەوەکرد، "حکومەت قارسمان ئەکات و %21مان لێ ئەبڕێت، حەق وایە بە شۆرتەوە دەوام بکەین چونکە قارس کراوین."  
باسی لەوەشکرد، "ئێسە ئەگەر شەڕ بێت پارە بۆ شەڕ هەیە و بە ملیۆنان دۆلار بۆ شەڕ خەرج دەکەن، بەڵام بۆ موچەی خەڵک نییە."  
ئەگەرچی لیبڕینی موچەی فەرمانبەران بەردەوامە، ماوەی دوو مانگە کێشەی دواکەوتنی دابەشکردنی موچە دەستی پێکردووەتەوە و لەماوەی 10 ڕۆژی ڕآبردوودا تەنها چوار وەزارەت موچەیان پێدراوە.
 پارتی و یەکێتی کە دوو حزبی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتن، هەریەکەیان ئەوی دیکەیان بۆ هۆکاری دواکەوتنی موچە تۆمەتبار دەکەن بە نەگەڕانەوەی داهاتەکانی ژێر دەسەڵاتیان بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی و و وەزیری داراییش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە نییە.