جەبار یاوەر: هیچ هێزێكی ئەمریكی لە هەرێمی کورستان نەكشاوەتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە جەبار یاوەر پێشمەرگە ئەمریکا


Aug 09, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هیچ هێزێکی شەڕکەری لە هەرێمی کوردستان نییە، ئەوانەی لێرەن راوێژکار و مەشقکارن، دەشڵێت "نەمبیستوە هێزی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشابنەوە."
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە روداوی راگەیاند"نەمانبیستوە لەچەند رۆژی رابردودا هیچ هێزێکی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشابێتەوە، رەنگە ئاڵوگۆڕ بە هێزەکانیان بکەن و ئەوەش ئاگادارنین، چونکە بۆ ئەو مەسەلەی ئاڵوگوڕکردنەکە پرس بە ئێمە ناکەن."
جەبار یاوەر وتیشی:"بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەکۆتایی ئەمساڵ دەکشێنەوە، بۆیە نەمانزانیوە هیچ هیزێکی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشابێتەوە، هەر لەبنەڕەتدا ئەمریکییەکان هێزی شەڕکەریان لە هەرێمی کوردستان نییە و ئەوەی هەن راوێژکارن."
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر، هات.
بەپێی راگەیێنراوی کۆتایی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق کە  لە مانگی تەمموزی 2021 لە واشنتن بەڕێوەچو، لە کۆتایی ئەمساڵ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە.