نێچیرڤان بارزانی: بە بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا دەستکەوتەکانی کورد زامن دەبن

(0) / / کردستان / نێچیرڤان بارزانی زایلە پارتی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بەغدا


Sep 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە گرنگییەوە باس لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەکات و داوا لە هاونیشتمانیان بە گشتی، ئەندام و لایەنگرانی پارتی بەتایبەتی دەکات بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن و دەنگ بە بەربژێرانی حیزبەکەی بدەن بەو پێیەی بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا بە زامن کردنی دەستکەوتەکانی کورد دەزانێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە میدیای پارتی، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکشەممە 26-09-2021  لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەیدا لە شاری هەولێر بەشداریی کرد و رایگەیاند، پارتی خاوەن جەماوەرێکی تایبەتە و ئەوەش وایکردووە، هەمیشە بتوانێت سەرکەوتووانە رووبەڕووی کێشە بۆ دروستکراوەکانی ببێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە رۆڵی پارتی کرد لە بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستاندا و رایگەیاند، "بەردی بناخەی سیستەمی دیموکراسی لەم وڵاتەدا بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە، پارتی داینا و سەرۆکی پارتی یەکەم کەس بوو کە لە کۆیە باسی ئەوەی کرد کە ئێمە دەبێت کێشەکانی خۆمان لە رێگەی سندووقی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە یەکلایی بکەینەوە".
 جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بە هێرشی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014دا کرد و گوتی، راستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بوو بۆ تێکشکاندنی داعش، "بەڵام ئەوەی کە خۆڕاگر بوو لە پێش سەنگەرەکان، ئەو پێشمەرگانە بوون کە بە مێشکی پارتی ئاو درابوون؛ ئەو پێشمەرگانە بوون کە لە سەنگەری پێشەوە بوون؛ ئەو سەرۆکە بوو کە سێ مانگ هەر لەنێو ئۆتۆمبێل نووست بۆئەوەی رووبەڕووی ئەو دڕندانە ببێتەوە، بە هێزی ئەو گەلە و ئەو پێشمەرگانە".
 نێچیرڤان بارزانی باسی لە قۆناخی دوای گشتپرسیی ساڵی 2017 کرد و رایگەیاند، پارتی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا توانیی سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت و ئەوەش وایکرد "نەخشە و پلانی دووژمنان پووچەڵ" ببێتەوە، چونکە هەموولایەک و جیهانیش زانی، پارتی "هێزێکە پشتیوانیی گەل و میللەتی لەگەڵە".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا جێگری سەرۆکی پارتی تیشکی خستە سەر ئامانجی دامەزراندنی حیزبەکەی و گوتی، پارتی جێگرەوەی هیچ حیزبێک نییە لە کوردستان و دروستبووە بۆئەوەی مافی گەل بەدەستبهێنێت و بووەتە پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی کوردستانیش.
لەبارەی دۆخی نێو حیزبەکەشی، نێچیرڤان بارزانی قسەی کرد و رایگەیاند، "رەنگە بۆچوونی جیاواز لەناو پارتی هەبێت؛ رایەکی جیاواز لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی کێشەیەک لەناو پارتی هەبێت؛ ئەمە بە دڵنیاییەوە هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا پارتی حیزبێکی یەکگرتووە، لەژێر یەک سەرکردایەتیدایە، یەک ئاڵا و یەک سەرکردەی هەیە و لەپێناو یەک ئامانجیش خەبات دەکات کە میللەتە".
 نێچیرڤان بارزانی چوار ساڵی داهاتووی پرۆسەی سیاسیی عێراقی بە گرنگ ناوبرد و داوای لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی کرد دەنگبدەن و هانی هاونیشتمانیانیش بدەن بۆئەوەی بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن و دەنگ بە بەربژێرانی حیزبەکەی بدەن. جێگری سەرۆکی پارتی گوتی، "زۆر شت لە هەگبەی پارتیدا هەیە کە ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکە دەتوانن بە شانازییەوە باسیان بکەن و بۆ خەڵکی روون بکەنەوە کە بۆچی دەبێت دەنگ بە بەربژێرەکانی پارتی بدەن".