جه‌بار یاوه‌ر: داعش له‌ماوه‌ى سێ ساڵى ڕابردودا 2 هه‌زار و 412 په‌لامارى تیرۆریستى ئه‌نجامداوه‌

(0) / / کردستان / زایەڵە داعش پێشمه‌رگه‌ جەبار یاوەر


Nov 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ زانیاریی مه‌ترسیداره‌ له‌باره‌ى گروپى تیرۆریستى داعشه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌ماوه‌ى سێ ساڵى ڕابردودا داعش دوو هه‌زارو 412 په‌لامارى تیرۆریستى ئه‌نجامداوه‌"، ده‌شڵێت:"لەمکاتەی کە هێرشەکانی زیادکردوە هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ دەگەڕێتەوە کە هەڵبژاردن کراوەو دەیەوێت هەلومەرجەکە تێکبدات تا کاریگەری لەسەر دروستبونی حکومەتی نوێی عێراق دابنێت".
بەپێی ڕآپۆرتی زایەڵە، فه‌ریق ڕوكن جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتیی وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌نگى ئه‌مریكاى وتوه‌، "لە 2018وە تاکۆتایی مانگی 10ى ئەمساڵ، گروپى تیرۆریستى داعش زیاتر لە 2412 هێرشی تیرۆریستی ئەنجامداوە".
به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ باس له‌وه‌شده‌كات، "ئەگەرچی لە 2018وە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، داعش نەماوە، بەڵام ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە لەوکاتەدا ڕامانگەیاند، داعش کۆتایی نەهاتوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش قەت نەوەستاوە، به‌ڵكو بەردەوامبوە".
له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:"تەنانەت دوای بەیاننامەکەی عێراقیش لەکابینەکەی حەیدەر عەبادی له‌ 2017 کە ڕایگەیاند داعش کۆتاییهاتوە، ئێمە ئەوکات وتمان داعش وەک بەناو ئیمارەتی ئیسلامی کۆتاییهاتوە، بەڵام وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کۆتایینەهاتوەو خۆی ڕێکدەخاتەوە جارێکی تر دەستدەکاتەوە بەکردەی تیرۆریستی، قسەکەی ئێمە ئەوەتا سەلما".
فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئاماژەی بەئامارەکانی سێ ساڵی ڕابردوی داعش کرد لەعێراق بۆ سەر هێزە عێراقیەکان‌و پێشمەرگەو وتى:"لە2018وە تائێستا کردەی تیرۆریستی داعش بەردەوامبوە، هەر لە 2018 نزیکەی زیاتر لە1742 کردەی تیرۆریستی هەبوە، ساڵی 2019 نزیکەی 270 کردەی تیرۆریستی هەبوە، لەساڵی 2020 نزیکەی 230 کردەی تیرۆریستی‌و تاکۆتایی مانگی 10ی ئەمساڵیش نزیکەی 170 کردەی تیرۆریستی هەبوە، زۆربەی کردەوە تیرۆریستییەکانیش لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان‌و دور بوە، بەڵام شێوازی هێرشەکانی جیاوازە".
وه‌كو به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت:"جاران کە ئیمارەتەکەی هەبوو شەڕی بەرەیی دەکرد، واتە بەهێزی گەورە پەلاماری شوێنێکی دەداو ناوچەیەکی فراوانی لەژێر دەستدا بوو وەک موسڵ‌و سەڵاحەدین‌و بەشێک لەخانەقین، بەڵام ئێستا بەشێوازی گروپی بچوک پەلاماری هێزە عێراقیەکان یا پێشمەرگە دەدات‌و تاکتیکێکی نوێ بەکاردێنێت یان بەڕێگه‌ی کردەی خۆکوژییە، یاخود دانانی مینە، یاخود بەقەناس لەدورەوە هێرشدەکات یاخود کەمین لەسەر جادەکان دادەنێت یا خەڵک دەڕفێنێت‌و بەپارە ئازادییان دەکات".
به‌بڕواى فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، "چڕكردنه‌وه‌ى په‌لاماره‌كانى له‌مكاته‌دا کە هێرشەکانی زیادکردوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن کراوەو دەیەوێت هەلومەرجەکە تێکبدات تا کاریگەری لەسەر دروستبونی حکومەتی نوێی عێراق دابنێت، چونکە لەکاتی هەڵبژاردنەکان نەیتوانی هەلومەرجەکان تێکبدات".
ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌، "داعش سود دەبینێت لەو بۆشاییەی کە هەیە لەزۆر له‌ناوچەی نێوانی سنوری خانەقین (ئێران) تا سنوری سحێلا (سوریا) لەنێوانی هێزەکانی عێراق‌و پێشمەرگە، ئه‌و سود لەو بۆشاییە دەبینێت‌و بۆتە مۆڵگەی حەوانەی چەکدارانی".