مه‌لا به‌ختیار: له‌ناویه‌كێتيه‌وه‌ ژه‌هر خواردكراوم / چاوەڕوانم یەکێتی بیسەلمێنێت بێبەرییە لەم تاوانە

(0) / / کردستان / مەلا بەختیار ژەهرخواردکردن ئەڵمانیا زایەڵە


Nov 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

مەلا بەختیار دوای ئەوەی بەهۆی ژەهرخواردکردنییەوە لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا چارەسەری وەرگرت، دوێنێ شەممە گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ یەکشەممەش لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لە مەرگی 100٪ گەڕاومەتەوە و سەرەڕای ئەم تاوانە، پێشوەختە کەس تاوانبار ناکەم." بەڵام گوتی لەنێو یەکێتی ژەهرخواردکراوە و چاوەڕوانی حیزبەکەیشی دەکات کە بیسەلمێنێت لەو تاوانە "بێبەرییە."

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە ڕوداو، بە گوتەی مەلا بەختیار، ئەو نەک هەر کەس تاوانبار ناکات، بەڵکو هەر کەسێکیش لەسەر ئەو دۆسێیە دەستگیربکرێت، "هەتا تاوانەکەی نەسەلمێندرێت، بێتاوانە." 

 پێشتر و لەکاتی وەرگرتنی چارەسەر لە ئەڵمانیا، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە کردبوو کە لەلایەن "هەڤاڵان"ـی حیزبەکەیەوە ژەهرخواردکراوە. لە پەیامەکەی ئەمڕۆشیدا دەڵێت، "مافی خۆمە یەکەمین لایەن چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەی لێبکەم، یەکێتییەکەی خۆمە. لەم دوو رۆژەدا نامە ئاراستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی دەکەم تاوەکو بە سەرپەرشتیی باڵاترین پۆستی حیزبی و پسپۆڕی شارەزا، لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم دۆسێیە پێکبهێنن."

 مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. دەڵێت، "چاوەڕوانم یەکێتی بیسەلمێنێ، وەکو نەریت و مێژووی خەبات کە بێبەرییە لەم تاوانە و ئەوپەڕی تێبکۆشرێت تاوانباران بە سزای حیزبی و یاسایی بگەیێندرێن."

بەپێی گوتەکانی بێت، مەلا بەختیار سکاڵا تۆمار دەکات، دەڵێت، "کە لە دەرگەی دادگای کوردستانیشمدا، دڵنیام دادوەرە بەڕێزەکان دەزانن وەکو تاوانێکی سیاسیی بێپێشینە لەنێو نەتەوەی کورد، مامەڵە لەگەڵ کەیسێکی یاسایی هەستیاردا دەکەن." مەلا بەختیار گوتی، ئەگەر دادگەی کوردستان ئەنجامی نەبوو، پەنا بۆ بەغدا دەبات، ئەگەر ئەوێش ئەنجامی نەبوو، ئەوا پەنا دەباتە بەر وڵاتێکی دەرەکی.

مەلا بەختیار لەبارەی کێشەکانی نێو یەکێتی باسی لەوەشکرد کە پلە بەخشینەوە لەنێو حیزبەکە لەدوای کۆنگرەی چوارەم زۆر باو بووە و "11 هەزار پلە بەخشراوەتەوە." گوتیشی ئەوانە هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک متمانە لە یەکێتی بسەنێتەوە.

 مەلا بەختیار رایگەیاند، ژەهرەکەی لە رێگەی خۆراکەوە پێدراوە، بەڵام رەتیکردەوە ئاشکرای بکات چۆن و چەند جار پێی دراوە، بە هۆکاری ئەوەی لێکۆڵینەوە دەکرێت.

 کاتێک زانیاریی پێگەیشت چی کردووە؟

مەلا بەختیار باسی لەوە کرد کاتێک زانیارییەکەی پێگەیشتووە نەیکردووەتە هەڵا و جگە لە کەسوکار و چەند دۆست و هاوڕێیەکی خۆی نەبێت، بە کەسی نەگوتووە. دەڵێت، "پێش ئەوەی بە هەڤاڵ بافڵ بڵێم، پێش ئەوەی بە زانیاریی بڵێم، پێش ئەوەی بە بەڕێوەبەری ئاسایشی کوردستان بڵێم.. ئەوەشم نەکرد، چوومە عەممان بۆ نەخۆشخانەی خالیدییە."

کاتێک ئەنجامی پشکنینەکەی دەرکەوتووە کە پێیان گوتووە بەم ژەهرانە ژەهرخواردکراوی. دەڵێت، "راستەوخۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوەی نەخۆشخانەکەم نارد بۆ هەڤاڵ بافڵ، زانیاری و بۆ د. خەسرەو گوڵ محەممەد و پێیانم گوت رەنگە من ژیان دەرنەبەم لەم ماوەیەدا، بەڵام بۆ مێژوو با ئەمەتان لابێت کە ئەمە حاڵمە."

دوای ئەو پشکنینە مەلا بەختیار گەڕاوەتەوە سلێمانی، دەڵێت، "دوو جار هەڤاڵ بافڵم بینی و لەگەڵ زانیاری دانیشتم و قسەمان لەسەر رێکارەکان کرد. دواتر چوومەوە ئەڵمانیا."

 بەشێک لە دەقی قسەکانی مەلا بەختیار لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی

پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی 237 ساڵەی شارە حەیاتەکە (وەکو جەنابی مام جەلال هەمیشە دەیگوت)، باوەڕناکەم کەسێک هەبێ لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، قەرزارباری سلێمانی نەبێ. بە ئەدەبی، بە مێژووی، بە کوردایەتییەکەی، بە قوربانییەکانی، بە دڵنەوایی و میهرەبانی خەڵکەکەی، بەوەی کە هیچ کاتێکی تەنگانە لە مێژووی هاوچەرخی کورد نییە کە سلێمانی داینەمۆی هەڵسانەوەی کوردایەتی نەبووبێ. بۆیە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە نەوەی دامەزرێنەرانی شارەکە دەکەم، لە هەموو ئەوانەشی کە خەڵکی سلێمانین و هەروەها ئێمەمانانیش کە لە ساڵی 1975ـەوە تەمەنی سیاسی خۆمان لە سلێمانی بردووەتە سەر.

هەروەها هاوسۆزی خۆم بۆ ئەو هەموو کورد و غەیرە کوردانەی لە سنوورەکانی بێلاڕووس و پۆڵۆنیا لەم سەرما و سۆڵەیە ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن، بەداخەوە لەبەر ژیانێکی ناخۆش لە کوردستانەوە کۆچدەکەن. بەداخەوە تاوەکو ئێستا یەکێتیی ئەوروپا لە دەردەسەری گەلانی وەکو ئێمە تێناگات، لەباتی ئەوەی دەرگاکان بکەنەوە، وڵاتێکی وەکو پۆڵۆنیا 40 هەزار سەربازی ناردووە، دیوارێکی پۆڵایینی مرۆییان دروستکردووە کە ژنی سکپڕ و منداڵ و خەڵکی ئەم وڵاتانە نەتوانن بچن هیچ نەبێ نەوایەک بدۆزنەوە تێیدا بە ئاسوودەیی بژین.

میدیا ئازیزەکان، من دوێنێ بەڵێنمدا ئەمڕۆ وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە، ئەوەندەی دەتوانم باسی ژەهراویکردنی خۆمتان بۆ دەکەم. ئەوەندەی چوارچێوەی لێکۆڵینەوە بوارم ئەدا، هەندێک روونکردنەوەتان بۆ بدەم. چونکە هەموو ئەوانەی لە یاسا شارەزان، دەزانن هەموو کەیسێک کە لە لێکۆڵینەوە بوو، نابێت ئەوەی کە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەکە بچێتە ناو وردەکاری و پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە تێکبچێت. بەڵێ من، بەبێ ئەملا و ئەولا دەیڵێم: لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژەهرخواردکراوم. دوو سێ مانگیش پێش هەشتی تەممووز ئەم تاوانە بەرامبەر بە من ئەنجامدراوە. زانیاریم بۆ هاتووە کە لە زانیارییەوە ئەم کارە بەرامبەر بە من کراوە. وەنەبێ بڵێم سەرئەنجامی پشکنین ئەمەم بۆ دەرکەوتبێ، سەرەنجامی پەرۆشی ئەو کەسانەی پەرۆشی خەڵکی وەکو ئێمەن، دزەیان بە زانیارییەکە کرد "مەلا بەختیار فریای خۆت بکەوە"، هەفتەیەک دوای ئەوە، دیسان ئەو سەرچاوەیە بە منی گوت: بەڵکو بە وەستا حەسەنیش بڵێی ئاگای لە خۆی بێ. بە حوکمی ئەوەی کە لە ژیانما خراپەیەکم نەکردووە جگە لە کوردایەتی، فایلم نییە، هیچ دەوڵەتێکی ئیقلیمی گومانی لە هەڵوێستە کوردایەتییەکانی من نییە، سەنگەرەکان شاهێدن کە پێشمەرگە بووم، قۆناخە سەختەکان دەزانن کە خەڵکی وەکو ئێمە چیمان کردووە. لەناو یەکێتیشدا لە جەنابی مام جەلالەوە تاوەکو دوایین دامەزرێنەر، هەموومان دۆست بووین، هاوسەنگەر و هاوخەبات بووین.

من هیچ گومانێکم لە خۆم شک نەدەبرد کە هۆکارێک هەبێت تاوانێکی لەو جۆرە بەرامبەر بە من بکرێت. بڕوابکەن سێ هەفتە ئەوا زانیارییەی کە پێم گەیشت فەرامۆشم کرد، لێکم دەدایەوە، بۆ؟ هۆکار؟ چیم کردووە؟ لە کۆنگرە بێدەنگبووم، دەسەڵاتم هەمووی دایەوە، وازم لە هەموو دەسەڵاتێک هێنا، بۆ ئەوەی یەکێتی تووشی هیچ قەیرانێک نەبێ بەهۆی ئێمەمانانەوە گوتمان کاکە ئێمە دوور ئەکەوینەوە، ئەنجوومەنی باڵامان هەڵبژارد بۆ ئەوەی ئەوەندەی بتوانین لە ئەنجوومەنی باڵاوە بە ئارامی خزمەت بکەین. دەسەڵاتی پارە، هێز، حیزبی، پلە بەخشینەوە، بازاڕ، پەیوەندییەکان، رێکخراوەکان و راگەیاندنەکان هەموویمان بەجێهێشتووە. گوتمان ئەوان دەڵێن: ئێمە نەوەی نوێین و یەکێتی نوێ دەکەینەوە، گوتمان با تاقیبکەینەوە. ئەنجوومەنی باڵا شاهێدە من یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵا گوتوومە: نابێ بەهیچ شێوەیەک کارێک بکەین ئەو برادەرانە نیگەران بکەین، ئەگەر سەرکەوتووبن شانازییان پێوە بکەین، ئەگەریش سەرکەوتوو نەبوون، دوای ساڵێک یان ساڵ و نیوێک دەردەکەوێت، ئەوکاتە ئێمەش دەتوانین بەجۆرێکی دیکە بێینەوە مەیدان و خاوەندارێتیی یەکێتی بکەینەوە. با پەلە نەکەین، با شانسێک بدەین بەم هەڤاڵانە، شانسەکەمان لە رادە بەدەر پێدان.

نەک ئەمەی بەرامبەر بە من کراوە، ئەوەی بەسەر یەکێتی هێنراوە لە ژەهرخواردن خەتەرترە. خەتەرەکە لە چیدایە؟ خەتەر لەوەدا نییە یەکێتی لە رووی سەربازییەوە شکابێ، خەتەر لەوەدا نییە یەکێتی دەوڵەتێکی ئیقلیمی موئامەرەی لێدەکا، خەتەر لەوەدا نییە کە ئەمڕۆ و بەیانی خوانەکردە شەڕی ناوخۆ دەستپێبکاتەوە، خەتەر لەوەدایە کە یەم سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییەی یەکێتی لە دوای کۆنگرەی چوار، متمانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دابەزاند، متمانەی رای گشتی. ئەمە خەتەرترین ئافاتە تووشی هەر حیزبێک ببێت... نزیکەی 300 هەزار دەنگ ئێمە دابەزیوین لە دوا هەڵبژاردن، حیزبایەتی لەنێو یەکێتی پەراوێز خرا، پلە بەخشینەوە بوو بە شتێکی زۆر زۆر تەبیعی کە مەسئوولێک بەپێی زانیارییەکان، 11 هەزار پلەیان بە ئارەزووی خۆیان بەخشیوەتەوە، بڕۆن سەیری سکرتارییەتەکەی من بکەن. زیاد لە 250 فایلی تێدایە کە من مەسئوولی بووم و ئەوکاتە کارگێڕ بووم، کە داوای پلە بەرزکردنەوەیان کردووە، بە هەموویا چوومەتەوە، ئەوەی بە زنجیرەی حیزبایەتی گەشەی نەکردبێ، ئیمزام بۆ پلە بەرزکردنەوەی نەکردووە. لەو ماوەیەی من کارگێڕ بووم، بە هەمووی 30 کەسم بەرز نەکردووەتەوە بۆ مەکتەبەکان. ئەمە خەتەرە بۆ یەکێتی. بۆیە یەکێتی وای لێدێ خەڵک متمانەی لێ دەسێنێتەوە.

ئێستا من چیمکرد؟ خەبەرەکم پێگەیشت نەمکرد بە هەڵا. بە ئارامی جگە لە کەسوکار و چەند هاوڕێیەکی خۆم نەبێ، بە کەسم نەگوت. وا پێویستبوو کە دەبێ بڕۆم پشکنین بکەم، پێش ئەوەی بە هەڤاڵ بافڵ بڵێم، پێش ئەوەی بە زانیاریی بڵێم، پێش ئەوەی بە بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی کوردستان بڵێم، کە ئەمە جیهاتی مەعنی منن، ئەبێ یەکەمین لایەن بەمانە بڵێم، لێکۆڵینەوەی تێدا بکەن. ئەوەشم نەکرد. چوومە عەممان بۆ نەخۆشخانەی خالیدییە. سەرگوزەشتەکەم گێڕایەوە کە جەلالەتی مەلیک هاتە سەر هێڵ. کە ئەنجامی پشکنینەکەم دەرکەوت "بەڵێ تۆ بەم دەرمانانە ژەهرخوارد کراوی" دەستبەجێ ئەنجامی پشکنینەکەم ناردووە بۆ هەڤاڵ بافڵ، زانیاری و دکتۆر خەسرەو، هاوشار و هاوڕێی ئازیزم، بۆ مێژوو گوتوومە لەوانەیە من ژیان دەرنەبەم لەم ماوەیە، بەڵام با ئەمەتان لابێ، کە من ئەمە حاڵمە. هاتمەوە بۆ سلێمانی، دوو جار هەڤاڵ بافڵم بینی، خۆی عەزێتی کێشا هات بۆ لام، جارێکیان بەرپرسی زانیارییم بینی لەسەر وردەکارییەکان قسەمان کرد. چووم بۆ ئەڵمانیا، بە زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی راپۆرتی ژەهرخوارکردنی منە لە یەکەمین چرکەساتی چوونە ناو نەخۆشخانەی ڤیڤانتس لە ئەڵمانیا، کە باشترین نەخۆشخانەیە لە ئەڵمانیا و دووەم یان سێیەم نەخۆشخانەی جیهانە، بەشی تایبەتییان بۆ ئەم کارە (ژەهرخواردکردن) هەیە، پۆلیس و پۆلیسی تاوان لێکۆڵینەوەیان لە ژەهرخواردنەکەم کردووە و وەڵامی هەموویان هاتووەتەوە کە دواتر بە ئینگلیزی و کوردیش بڵاوی دەکەینەوە.

یەک تۆز تەمومژ لە تاوانی ژەهرخواردکردنم نییە، بۆیە ئەوانەی بە هەر هۆکارێک بووبێ ویستوویانە گومان بخەنە سەر ئەم ژەهرخواردکردنەی من، هیوادارم بەخۆیاندا بچنەوە. من پێویستم بەوە نییە کە سواڵی ژەهرخواردکردن بکەم بۆ خۆم. جارێ 15٪ی مێژووی خۆمم نەنووسیوە و نەگوتووە، مێژووم ئەوەندەیە کە دەترسم تەمەنم بەشم نەکات هەمووی بنووسمەوە، بۆیە پێویستم بەوە نییە بێم داستان و سیناریۆ بۆخۆم هەڵبەستم، هەرگیز شتی وا لە من ناوەشێتەوە. ئەوە سەلمێنرا و کۆتاییهات.

ئێستا دوایین قسەم چییە؟ ئایا کە من وتم چەند مانگێک پێشی هەشتی تەممووز و لەناو یەکێتی ئەم کارە بەرامبەر بە من کراوە، ئایا ئێستا پەنجەی تۆمەت بۆ کەسایەتییەک درێژ دەکەم؟ من لەو روونکردنەوەی بۆ بەڕێزتانم بڵاوکردووەتەوە، گوتوومە: ئەگەر کەسێک بگیرێت و لە لێکۆڵینەوەبێ، ناتوانم بڵێم ئەوە هەتا ئەسەلمێنرێ. تۆمەتبار بێتاوانە هەتا تاوانەکەی ئەسەلمێنرێ.

من ناتوانم هیچ کەسێک تاوانبار بکەم، بەڵام داوام وایە لەدوای لێکۆڵینەوە، کە بێگومان من پەیگرییەکی قووڵ و ورد و هەمەلایەنەی ئەم کێشەیە دەکەم، هەروەها دەزانم هەڤاڵ بافڵیش ئەوە دەکات، وەستا حەسەنیش ئەوە دەکات. بەڵام لەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە دەستبەرداری ئەم مافەی خۆم نابم. نەک لەبەرئەوەی تاوانێک بەرامبەر بە خۆم کراوە، نا. من دەرگەی لێبووردنم کراوەیە هەمیشە. ئێستا ئەو تاوانبارە خۆی بێت بۆ لای من و بڵێ: من ئەم کارەم کردووە. بەڵێنبێ لەبەرچاوی هەمووتان لێی خۆشبم.

شاهێدم زۆرن کە خەڵک هاتووە بۆ کوشتنم و لێی خۆشبووم، دوو هەفتە لەمەوبەر کەسێک نووسینێکی بڵاوکردبووەوە، کاتێک بەرپرسی مەڵبەند بووم، کەسێک هات دیارییەکی بۆ هێنابووم، قاپێک ویسکی بوو ( کاک بڵند لێرەیە شاهێدە ) و لە حاجی مامان لەگەڵم بوو. حاکم قادر ئەوکاتە حاکمی لێکۆڵینەوەکە بوو. ویسکییەکە ژەهری سالیۆدی تێکردبوو، کە بیخۆمەوە لە دوای دوومانگ قژم هەڵدەوەرێ و ئەوپەڕی دوای سێ مانگ دەمرم. تەبعەن من بۆ یەکەمینجار و بۆ مێژوو شتێک ئەڵێم کە سەیرە بەلاتانەوە، بەداخەوە هەندێ نهێنی ئێمە و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەیە نایزانن، ئەم مەسئولە نوێیانەی یەکێتی و حیزبەکانی تریش نایزانن. لەناو یەکێتی جەنابی مام جەلال و جەنابی کاک نەوشیروان، من مەسئوولی مەلەفە نهێنییەکان بووم. پەیوەندییەکانی حکومەت، مەلەفە نهێنییەکان، ئەوانە لای ئێمە بوون و هەموو کەسێک نەیدەزانی. بۆیە بۆ مێژوو بۆ یەکەمینجار دەیڵێم: کەمال پشدەری کە لە ئەمنە سوورەکە کوشتیان، ئێمە ناردوومانەتە ناو ئەمنی عێراقی، پەیوەندی راستەوخۆی بە ئێمەوە هەبوو، هەموو نهێنییەکانی ئەمنی عێراقی بۆ ئێمە هێناوە. کەمال پشدەری ئەو پیلانەی بەرامبەر بە من کەشف کرد و خەبەری بۆ ناردم وتی: فڵان دێ بۆ لات (ئێستا لە ژیاندا ماوە ئەوەی ئەو تاوانەی بەرامبەر کردم، لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانە و ئەندامی لیژنەی شاری سلێمانیشیانە)، نامەوێ ناوی بێنم، چونکە منداڵ و نەوەیان هەیە و نامەوێ سەرشۆڕیان بکەم. هات و گرتمان، ئەوەندە (خوێڕی)بوو، هەر بە گرتن دانی پێدا نا، چونکە ئەو کارە نامەردانەیە تەنیا بە (خوێڕی) دەکرێ. دادگە فەرمانی سێدارەی بۆ دەرکرد، چونکە فەرمانی مام جەلال بوو "هەرکەسێک کادرێک یان سەرکردەیەکی یەکێتی بکوژێت، سزاکەی کوشتنەوەیە". ئەوەبوو رەزامەندی سەرەوە بۆ لەسێدارەدانی هات. دانیشتبووین لە حاجی مامان، ژنێک بە چوار منداڵەوە هات، هەر چوار منداڵەکەی خستە کۆشی من و گوتی: باوکیان وا و ئەمە، بەڵام من چی لەم چوار منداڵە بکەم؟ خێزانم دانیشتبوو و گوتی: بەختیار لێی خۆشبە گوناحە، لەبەر خاتری منداڵەکان. منیش لێی خۆشبووم و بەڵێننامەیەکم پێی پڕکردەوە. بڕواتان هەبێ دوای ئازاکردن چووەوە ناو بەعس. لەدوای راپەڕینیش خۆی کرد بە ناو حیزبێکدا. لێخۆشبوون ئاساییە، مرۆڤ کە بەرپرسیاربوو، خۆشی بە بەرپرسیار زانی، دەبێ هەندێجار خەڵک عەفوو بکات، تەنانەت ئەگەر بۆ کوشتنی کەسیشت هاتبن. ئەوە یەکەم و دوایین کەسیش نەبووە کە لەسەر هەوڵی کوشتنی خۆم لێی خۆشبووبم.

هەر کەسێک ئەم تاوانەی کردبێ، من بەڵێن دەدەم بە گۆڕی مام جەلال، بابێت بۆ لای من یان کاک بافڵ یان مەکتەبی سیاسیی، بڵێ: پێمکراوە. بەڵێنی شەرەف دەدەم، نەک خۆم، ناهێڵم یەکێتیش هیچی لێ بکات. ئومێدەوارم توانیبێتم چوارچێوەیەکی روون بە ئێوە بدەم.

 

لە وەڵامی پرسیاری رووداویش لەبارەی ژەهرخواردکردنییەوە گوتی، "سەبارەت بە ژەهرخواردکردنم، من لە رێگەی خواردنەوە