نێچیرڤان بارزانی: بەردەوامیی هێرشەکانی داعش پەیامی جددیی ترسناک و هەڕەشە و مەترسیی ڕاستەقینەیە

(0) / / کردستان / نێچیرڤان بارزانی داعش تیرۆر عێراق پێشمەرگە


Nov 28, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەردەوامیی هێرشەكانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پەیامی ترسناكن.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 28-11-2021، لە پەیامێکدا، سەرەخۆشی و ”هاوخەمیی قووڵ“ بۆ کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکانی شەوی رابردوو نیشان داوە و هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.

درەنگانی شەممەشەو 27-11-2021، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنووری کوڵەجۆ لە سنووری قەزای کفری و پێشمەرگە رووبەڕوویان بوویەوە و لە ئەنجامیشدا، پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چواری دیکەش بریندار بوون.

نێچیرڤان بارزانی بەردەوامیی هێرشەکانی داعش بە ”پەیامی جددیی ترسناک و هەڕەشە و مەترسیی ڕاستەقینە“ ناو بردووە و داوای کاراترکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عیراق بە هاوبەشی و پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کردووە.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە

سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵم پێشكەش بە خانەوادەی ئەو شەهیدە قارەمانانەی شەوی ڕابردوو دەكەم كە لە كاتی بەهانەوەچوونی هاوسەنگەرانی پێشمەرگەیاندا لە سنووری كوڵەجۆ، شەهید بوون و گیانیان بەخشی.

لە خوای مەزن داواكارم گیانیان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزیان ببەخشێت. هیوای زووچاكبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەكان دەخوازم.

فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرەشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە. بۆیە هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە.

داوا دەكەین میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عیراقدا بە هاوبەشی و پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

2021/11/28