به بەشداری شاخەوانان؛ بەردەوامی گەڕان بە دوای تەرمی دوو ھاونیشتیمانی بێ سەروشوێنی لافاوەکەی ھەولێر

(0) / / اجتماعی / زایەڵە هەولێر شاخەوان


Jan 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

به بەشداری شاخەوانانی کوردستان گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تەرمی دوو ھاونیشتیمانی بێ سەر و شوێن بووی لافاوەکەی ھەولێر بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ڕۆژی ھەینی(٣١/ ١٢/ ٢٠٢١)، ژمارەیەکی زۆری گرووپەکانی شاخەوانیی کە لەناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھاتبوون، بەھەماھەنگی لەگەڵ تیمەکانی حکوومەت ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ھەردوو ھاونیشتیمانی(دانەر نەبەز) و (ئومێد نامق) کە بەھۆی لافاوەکەی شاری ھەولێرەوە بێ سەر و شوێن بوون، دەست پێکرد.

دڵزار عەبدالعزیزبەرپرسی ناوەندی ھەولێر- فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، ڕایگەیاند، وێڕای بەشداری چڕ و پڕی گرووپەکانی شاخەوانیی و تیمەکانی حکوومەت بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو دوو ھاونیشتیمانییە، بەڵام تاھەنووکە سەرجەم ھەوڵەکان بێ ئەنجام بوون .

 گوتیشی،ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو دوو ھاونیشتیمانییە بەردەوام دەبن و لەوپێناوەشدا ھەموو جۆرە ھاوکاری و ھەماھەنگییەک لەگەڵ تیمەکانی حکوومەتدا دەکەین .

لەو ھەڵمەتە چڕ و پڕەدا کە سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان د.ئەنوەر عەلی محەمەد  بەشداری تێدا کرد، تیادا  سەرجەم گرووپەکانی شاخەوانیی سەربە ناوەندی ھەولێری فیدراسیۆن و ھەروەھا گرووپەکانی گرووپی شاخەوانیی بەردەڕەش، شنەروێی ھەڵەبجە، سورێن لە سەید سادق، گرووپی ھەزارمێرد لە سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە ٢٥٠ شاخەوان لەگەڵ تیمەکانی حکوومەت لە شاری ھەولێر بەشداربوون.

بەپێی وتەی دڵزار عەبدالعزیز، مەودایەکی زۆری دەڤەرەکانی قوشتەپە، پیرداود، سیاو، عەوێنە، سەرکارێز، گەڵودەڵوو  بەوردی گەڕان و پشکنینی بۆ کراوە، لێ مخابن تەرمی ئەو دوو ھاونیشتیمانییە ھێشتا نەدۆزراونەتەوە.بەشداریکردنی شاخەوانان بۆ دۆزینەوەی تەرمی بێ سەر و شوێن بووی لافاوەکەی شاری ھەولێر، لەسەر داوا و پێشنیاری ناوەندی ھەولێر- فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان ئەنجام درا. ئەوەش وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقيی، ئایینی، نیشتیمانی و نەتەوەیی وھەروەھا لەپێناوی کەمکردنەوەی ئازاری دڵی کەسوکاری ئەو دوو ھاونیشتیمانییە.

کامەران کەریم