نادر روستی  بۆ زایەڵە؛ زۆرم ماوە ببم بە شاخەوان، بەڵام خولیای شاخڕەویم

(0) / / گفتگو / زایەڵە شاخەوان نادر روستی شاخڕەو


Jan 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی  دەستەی گشتی  گەشتوگوزار ئاشکرایکرد، هێشتا زۆرم ماوە ببم بە شاخەوان، بەڵام خولیای شاخڕەویم،  چونکە شاخەوانی و شاخڕەوی لە یەک جیاوازن و هەریەک تایبەتمەندی خۆی هەیە، دەکرێ شاخڕەوەی دەسپێکێکی باش بێ تاکو ببیت بە شاخەوان، بەمەرجێ پەرە بەتوانای مەعریفی و جەستەیی و تەکنیکی شاخەوانی خۆت بدەیت و پێداویستی شاخەوانی دەستەبەر بکەی.

نادر روستی  وتەبێژی  دەستەی گشتی  گەشتوگوزار لە وتووێژی  لەگەڵ  پەیامنێری  زایەڵە ڕایگەیاند، بەر لەوەی روو لە ناو سروشت بکەم و خولیای شاخڕەوی جێبەجێ بکەم، بەردەوام ئارەزووی گەشتم دەکرد و زانیاریم لەسەر شوێنەگەشتیارییەکان کە ئوتومبێل  پێی دەگەیشت کۆ دەکردەوە، بەڵام دەمزانی سەدان شوێنی سروشتی نایاب هەیە و ئوتومبێل پێی ناگات، بۆیە خولیای شاخڕەویم پەرەی سەند و لە رێگەی  هاورێیەکی ئازیز کە هاندەرێکی باشم بوو، پەیوەندیم بەگروپی شاخەوانی قەڵای هەولێر کرد، سەرجەم ئەندامانی گروپەکە پێشوازیەکی زۆر گەرمیان لێکردم، ئێستا بۆ من وەک بران، نزیکەی ساڵێکە لەگەڵ ئەم گروپە جوانە بەردەوامم و دەیان هاوڕێ و کەسایەتی زۆر بەڕێزم لەو ماوەیە لە چەندان گروپی شاخەوانی دیکەش ناسیووە، کە ئەمە بۆ من سامانێکی مەعنەوی و کۆمەڵایەتی گرنگە .

وتیشی، هەرچەندە گەشتی کەمم لەگەڵ گروپەکانی دیکە کردووە، بەڵام لە ناو سروشت ناسیومن و ئارەزوو دەکەم گەشت لەگەڵیان بکەم. خولیای شاخڕەوی بۆ من لە چەند لایەکەوە گرنگە و سوودی باشم لێی بینیوە، بەتایبەت لە رووی ئاسوودەی دەروونی و جەستەیی و گەشتیاری و کۆمەڵایەتی ومەعریفیەوە، هەوڵمداوە زانیاری لەسەر کۆبکەمەوە، هەرچەندە بە هۆی هەبوونی منالێکی نەخۆشم لەماڵەوە دەرفەتی زۆرم بۆ ئەم بووارە نیە، بەڵام سوپاسی خانەوادەکەم دەکەم کە هاوکارن و ناوەناوە بەتایبەت رۆژانی  پشوو دەرفەتم بۆ دەرەخسێنن و گەشتێکی شاخڕەوی دەکەم و هەناسەیەکی قوڵ لەناو سروشتێکی پاک هەڵدەمژم.

ڕونیشیکردەوە، ئەو کاتانەی بۆ ناو سروشت گەشتی شاخڕەوی دەکەم، دەچمە دوونیایەکی زۆر تایبەت کە پڕە لە جوانی و دوورە لە جەنجاڵی ژیان، لە گەشتەکان گرنگی زۆر بە تۆمارکردنی یادگاری و وێنەی نایاب دەدەم، بۆیە کە دێمەوە بۆ ماڵ و سەرکار، هەست ناکەم لە سروشت دابڕاوم، هەست ناکەم لە شاخ دابڕاوم، ئەمەش وایکردووە هەمیشە و بەردەوام شاخ و سروشتم خۆش بوێ، گەشتەکانم بۆ سەر شاخ و ناو سروشت، تێیگەیاندم کە سەدان شوێنی نایاب بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار هەیە، بەڵام بەرپرسانی گەشتوگوزار وسەرمایەداران پێینازانن و نەیانبینیوە.ئەم خۆشەویستیەی من و شاخ وایکردووە ناوە بەناوە وێنەیەک یادگاریەک دابەزێنم و بیخەمە سەر پەڕەی فەیسبووک،  ئەمەش وای لە هەندێک هاورێ و ناسیاو کردووە کە وا تێدەگەن کە من بەردەوام،  واتە زۆربەی رۆژەکان لە شاخم، بەڵام لە راستیدا هەفتەی یەک جار یان دوو هەفتە جارێک دەچمە شاخ و بەو بەهەشتەی سەر دونیا شاد دەبم. چەند جارێک تەلەفۆنم بۆ کراوە و پێیان وگوتوم چۆن مەجالت هەیە هەموو رۆژ بچیتە شاخ کاکە ئاگاداری خۆت بە هێندە مەگەڕێ ئێستا  روون بووەوە کە هەموو رۆژێ ناچەمە شاخ، بەڵام هەموو رۆژێ شاخم خۆش دەوێ.روون بووەوە کە خولیای هەرشتێک بیت، پێویستە کاتی بۆ تەرخان بکەی و پێویستە وزەی  پێببەخشی، روون بووەوە کە هیچ دەستکەوت و خۆشیەک بێ ماندووبوون دەست ناکەوێ. روون بووەوە کە هەر کارێک  بکەی، پێویستە رژد و دڵسۆز بی بۆی و کاتی پێ بدەی و زانیاری لەسەری کۆ بکەیتەوە تا بەشێوەیەکی تەندروست و زانستی پەیڕەوی بکەی و خۆشیت پێ بدات .

سازدانی - کامەران کەریم