هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە شێوازی فیفتی بە فیفتی بگەڕێتەوە

(0) / / گفتگو / زایەڵە هەڵبژاردن کوردستان


Sep 26, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە دڵشاد موستەفا ڕۆژنامەنوس ڕایگەیاند: داهاتووی هەرێمی کوردستان، بە باری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی ئیقلیمی ونێودەوڵەتییەوە بەندە. بەڵام بارودۆخی ناوخۆ، زەمینەی بۆ دەستێوەردانی ئیقلیمی خۆش کردووە.

ئاماژەی بەوەش دا: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان و لەلایەکی دی دوای ڕادەستکردنی مەلەفی نەوت و داهاتی ناوخۆ، قەیرانی مووچە هەر درێژەی کێشا. ئەوەی کە هەندێ میدیای ڕەسمی و سێبەری  ناوخۆ، هەرێمی کوردستان بە دۆزەخ و بەغدا بە بەهەشت، حزبەکانی کوردستان بە ڕێگر و لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش بە دەوڵەتداری پێشان دەدەن، لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە پڕ لە کێبەرکێ حزبییەی کوردستانە. بەڵام ئەوە ڕاست نیە هەموو شتێکی خۆت بێ بەها بکەی لەپێناوی شکاندنی بەرانبەرت. 

ئەوڕۆژنامەنوسە وتیشی، هەوڵێکی ئیقلیمی هەیە،  ئەنجامی هەڵبژاردنی کوردستان، بەپێی ئەو نەخشەیەبێت، کە دایانناوە، زیاتر هەوڵەکە بە ئاراستەی زیندووکردنەوەی نیوە بە نیوەیە،  کە شێوازێکی هەرە خراپی حوکمڕانی بوو. لەو نێوەشدا بەهۆی فرە بازنەیی، ئەرکی حزبە بچووکەکان (وا ناسراون بەڵام بەڕای ئێمە حزب قەبارەی هەر چەند بێت، نەتیجە نوێنەرایەتی ژمارەیەک لە دانیشتوان دەکەن )،  بۆیە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە شێوازی نیوە بەنیوە (فیفتی بە فیفتی) بگەڕێتەوە.

دڵشاد موستەفا هێمای بەوەشکرد، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەڵبژاردن گرنگە و پێویستییەکی حەیاتییە بۆ ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، پێشبینیش دەکرێت، پێکهێنانی حکوومەت درێژە بکێشێت، چونکە هەندێ حزب بەڵێنی زۆر گەورە بە هەوادارانیان دەدەن، ئەزموونیش بۆ درێژەکێشانی گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەت هەیە، بۆ نموونە گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم نزیکەی 10 مانگی خایاند، لە کاتێکدا پەیوەندیی نێوان حزبەکان وەک ئەم ماوەیە ئاڵۆز نەبوو.

زیاتر وتی: ئێستا هەموو لایەک چاوەڕوانی هەڵبژاردنن، لایەنی عێراق و  ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەر یەکە و لە بەرژەوەندیی خۆی سەیری هەڵبژاردن و چاوەڕوانی ئەنجامەکانی دەکەن. بەغدا بە ئیعاز و پشتیوانیی دەرەکی گوشاری زۆری ئابووریی بەکار هێنا، چاوەڕوان دەکرێ، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنی کوردستان، بەو جۆرە نەبێ کە نەخشەیان بۆ کێشاوە، پەنا ببەنە بەر دادگای فیدڕاڵی.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە؛ گرنگە حزبەکانی کوردستان بانگەشە بە جۆرێک بکەن، خەڵک نیگەران و ماندوو نەکەن، بەڕای ئێمە ئەو هەڵچوونەی ناوێ، چونکە حزبەکان نوێ نین، خەڵک هەمووان دەناسێ، پێویست ناکات خۆیان بەخەڵک بناسێنن.

کامەران کەریم