محەممەد حاجی مەحمود: هاوکارییەکانی شەهید سولەیمانی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کارێکی زۆر گرنگ بوو لە پێناو شکستی داعش

(0) / / کردستان / زایەڵە محەممەد حاجی مەحمود قاسم سولەیمانی


Jan 06, 2022

قەبارەی فۆنت:

سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاند "لە ساڵانی شەڕی داعش، حاجی قاسم لە سەرجەم بەرەکانی شەڕی دژ بە تیرۆریزمی داعش ڕۆڵ و دەورێکی کاریگەری هەبوو و ئێمە لە نزیکەوە ئاگامان لەوە بوو."
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، محەممەد حاجی مەحمود سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیمۆکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە دووەم ساڵۆگەڕی شەهیدبوونی حاجی قاسم سولەیمانی، ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانیان کە لە شاری سلێمانی ڕێکخرا بوو، وتی: ئەمە یادێکی ئاسایی نییە، سەدان کیلۆمتر دوورتر لە وڵاتی خۆی و لە وڵاتێکی دیکە یادی شەهیدبوونی فەرماندە حاجی قاسم سولەیمانی دەکرێتەوە کە ئەمەش لە بنەڕەتدا بۆ پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی کورد و هێزە سیاسییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دژی ڕژێمی بەعس، وتی کە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران نەفەسێکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان  و هێزی پێشمەرگە بوو، لە بەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بووە پەنا و پشتیوانێک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بە تایبەت بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی پێشمەرگە.
محەممەد حاجی مەحمود: ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران نەبوایە دەنگی هەڵەبجە بە جیهان نەدەگەیشت و وەک ئەنفالەکان دەمایەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی و پەیامنێرەکانی بۆ یەکەم جار و لە ڕێگای ناردنی بریندارەکانی کارەساتی هەڵەبجە بۆ دەرەوە و بە تایبەت وڵاتانی ئەورووپی، ئەوەی بڵاوکردەوە کە هەڵەبجە وەک شارێکی کوردنشین لە لایەن سەدامەوە کیمیایی کراوە.
وتیشی کە پێشوازیکردنی ئێران لە خەڵکی هەڵەبجە، چارەسەرکردنی بریندارەکان و بەرکەوتووانی هێرشە کیمیاییەکە و هەروەها کۆچی سێ ملیۆنیی خەڵک بەرەو ئێران لە گەڵ بوونی پەیوەندییەکی قووڵی ڕۆشنبیری و سنورێکی چەند سەد کیلۆمەتریی هاوبەش بە کۆمەڵە خاڵێکی گرنگ بۆ هەر دوو لا دادەنرێت.
سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیمۆکراتی کوردستان وتی: لە شەڕی سەپێندراوی عێراقیشدا و لە کاتێکدا کە سەدام هەوڵی لەناوبردنی کورد و کوردستانی دەدا، کورد و ئێران بە دەیان شەهیدیان لە سەنگەرە هاوبەشەکاندا هەبوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ڕژێمە کە هەموو ئەم خاڵانە باس لە مێژوویەکی دوور و درێژی پەیوەندییەکانمان دەکەن.
محەممەد حاجی مەحمود لە درێژەی وتارەکەیدا وتی: لە شەڕی داعش کە تیرۆریستان بە باشترین و پێشکەوتووترین چەکی ئەمریکی هەڕەشە و پەلاماری خەڵک و خاکی کوردستانی دەدا، کۆماری ئیسلامی یەکەم وڵات بوو کە لە ڕووی چەک و پێداویستی سەربازی و لە ڕێگای شارەزایانی سەربازییەوە هاوکاری هەرێمی کوردستانی کرد.
ناوبراو وتی: هاوکاری مەعنەوی، سیاسی و سەربازیی شەهید قاسم سولەیمانی و ئێران لەو کاتەدا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کارێکی زۆر گرنگ بوو لە پێناو شکستی داعش.
وتیشی کە لە ساڵانی شەڕی داعش، حاجی قاسم لە سەرجەم بەرەکانی شەڕی دژ بە تیرۆریزمی داعش ڕۆڵ و دەورێکی کاریگەری هەبوو و ئێمە لە نزیکەوە ئاگامان لەوە بوو.
سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیمۆکراتی کوردستان، وتی: لە کاتێکدا کە بەشێک لە سەرکردە و بەرپرسانی عێراقی لە گەشتوگوزار لە دەرەوە بوون، سوپای پاسداران و فەرماندەکانی وەک شەهید حەمیدی تەقەوی شەڕی بەرگرییان لە خەڵکی عێراق دەکرد.
ناوبراو وتی: دڵنیام کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران نەبوایە داعش دەچووە ناو بەغدا و دیمەشق، لە بەر ئەوەی کە لە سەدا 40 ی خاکی عێراق و لە سەدا 50 ی خاکی سوریایان داگیر کردبوو.
وتیشی: ڕاستە کە هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە پاڵپشتی ئێمەیان دەکرد بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە خاکەوە دەسکەوتی زۆری مسۆگەر کرد، لەمەشدا پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕۆڵی ڕاستەوخۆی حاجی قاسم گرنگ و کاریگەر بوو، ئەمەش مێژوویەکی لە نێوان گەلانی عێراق و ئێران و کورد درووست کردووە.
محەممەد حاجی مەحمود وتی: حاجی قاسم سولەیمانی نەک تەنیا لە ژیانیدا بەڵکوو لە شەهیدبوونیشدا خزمەتی گەورەی بە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.