ساسان عەونی: پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی جێی بایەخی سەرۆكی حكوومەتە و بودجەی پێویستی بۆ دابین دەکرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە ساسان عەونی شەقامی 100 مەتری


Jun 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شەقامی 100 مەتریی سلێمانی 50%ی كارەكانی تەواو كراوە و 83%ی داهاتی فەرمانگەكانیشی بۆ تەرخان دەكرێت .

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری پارێزگاری سلێمانی بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، سەردانی پرۆژەكە دەكات و لەبارەی تەرخانكردنی بودجەش، ڕایدەگەیەنێت شەقامی 100 مەتریی سلێمانی جێی بایەخی سەرۆكی حكوومەتە و 83%ی داهاتی فەرمانگەكان بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان دەكرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە پێكهاتبوون لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، دیوان، نەخشەدانانی ئاوەدانی، پلان و بەدواداچوون، پرۆژەكان و ژمارەیەك بەڕێوەبەری دیكەی ناو وەزارەت سەردانی شاری سلێمانی كرد و دواتر پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی بەسەركردەوە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی ،لەمیانەی سەردانەكەماندا بۆ شاری سلێمانی، بە پێویستمانزانی لە نزیكەوە سەردانی پرۆژەی شاڕێی بابان، شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بكەین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ لایەنی بەرپرس وفەرمانگەی ئەندازیاری نیشتەجێ و كۆمپانیای قەیوان لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردن وبەرەوپێشچوونی ئەو پرۆژەیە بكۆڵینەوە و ئاگاداری بین.

 گوتیشی،  ئەوەی جێی خۆشحاڵییە پرۆژەكە 50%ی كارەكانی جێبەجێ بووە و كاری خۆڵكاری و تێكەڵەكردن، بەشی زۆری تەواو بووە و هەوڵ دەدرێت قۆناغەكانی داهاتووش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواو ببن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی ، ئەوە دەرفەتێكی زۆر باشە وەكوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتیی سلێمانی لە نزیكەوە پرۆژەیەكی ستراتیژی گەورە بەسەر دەكەینەوە، لێرەدا دووپات لە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە كە دەخوازین هەموو پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكان لەلایەن وەبەرهێنەران و سەرمایە و دەستیكاری خۆماڵی جێبەجێ بكرێن.

ڕونیشیکردەوە، هیوادارین لە ئاییندەیەكی نزیكدا تەواوكردنی ئەم پرۆژە گرنگ وكوردستانییە بۆ شاری سلێمانی بە تەواوكراوی ببینین و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو پشتیوانی و پشتگیری و كارئاسانییەك پێشكەش دەكات.

ساسان عەونی، گوتیشی،  پرۆژەی 100 مەتری سلێمانی جێی بایەخی ئەنجوومەنی وەزیران و جەنابی سەرۆكی حكوومەتە و دوا بڕیاریش كە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، 83% داهاتی فەرمانگەكان بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان دەكرێت و پارەی پێویستی بۆ دابین دەكرێت، هەر بودجەیەكیش پێویست بێت بۆ تەواوكردنی بە دڵنیاییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان درێغی ناكات.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم