باڵیۆزی ئێران لە عێراق: ئەو کەسانەی دەستیان بە خوێن سوور نەبووە، دەتوانن بگەڕێنەوە ئێران

(0) / / گفتگو / زایەڵە ئێران عێراق


May 12, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێت، سوورن لەسەر پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان و سازشی لەسەر ناکەن. دەشڵێت؛ "بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی لەنێوان تاران و بەغدا هەیە ''ئەو کەسانەی دەستیان بە خوێن سوور نەبووە، دەتوانن بگەڕێنەوە ئێران و دوای ماوەیەک کەرەنتینە بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، ئەوانەش کە دەیانەوێت عێراق جێبهێڵن، ئێمە ئامادەین لە رێگەی کۆنسووڵخانەوە پاسپۆرتیان بۆ دابین بکەین بۆ ئەوەی بچنە دەرەوەی عێراق.''

محەممەدکازم ئال سادق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێران رایگەیاند ''پەیوەندیی تاران و بەغدا ستراتیژی، قووڵ و بەرفراوانە، بەڵام لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان جەختمان لەوە کردووەتەوە؛ سازش لەسەر پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان ناکەین.''
 
محەممەدکازم ئال سادق لەبارەی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران گوتی ''بەهۆی بیرکردنەوەی قەومی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ئێمە نەمانتوانی بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان بگەین.''
 
ئێران نزیکەی هەزار و 450 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە، کە 550 کیلۆمەتری لەگەڵ هەرێمی کوردستانە. باڵیۆزی ئێران دەڵێت ''بۆ پاراستنی سنوورەکان ناچار بووین بیر لە رێککەوتننامەیەکی هەمەلایەنە لەگەڵ بەغدا بکەینەوە.''
 
باڵیۆزی ئێران باس لە هۆکاری ئەو رێککەوتننامە ئەمنییە دەکات و دەڵێت ''پێشتر کاتێک بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانمان دەگوت رێگری لە هاتووچۆی هێزەکانی دژبەر بۆ نێو خاکی ئیران بکەن، دەیانگوت، سنوورەکان لە دەستی ئێمەدا نییە و ئەمە لە ئەستۆی حکومەتی ناوەندییە نەک ئێمە.''
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزە نەیارەکانی ئێران لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە.
 
وەک محەممەدکازم ئال سادق دەڵێت، بەپێی رێککەوتنەکە گواستنەوەی هێزی نەیاری کوردی ئێرانی ''بە رادەیەکی باش'' جێبەجێکراوە و سێ کامپ لە هەولێر و کامپێک لە سلێمانی بۆ گواستنەوەیان لەبەرچاو گیراوە. ''لە ناوچەی سلێمانی شوێنی ئەو هێزانە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دیوارێکیان بە دەوریدا دەکێشرێت، بۆ ئەوەی بە تەواوی گەمارۆ بدرێن.''
 
یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدا، چەکداماڵینی ئەو گرووپە نەیارانە بوو کە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، باڵیۆزی ئێران لە عێراق گوتی ''چەکداماڵین بەو مانایە، کە چەکی مامناوەندیان لێ بسەندرێتەوە، جێبەجێکراوە، بەڵام دەبێ ئەوە لەبەرچاوبگرین کە زۆربەی خەڵکی عێراق چەکیان لە ماڵەوە هەیە، بەو رێکارانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن، هاوئاهەنگیکراوە رێگە بە بەکارهێنانی چەکی سووکیشیان پێنەدرێت.''
 
''هێزە دژبەرەکانمان دەتوانن بڕۆنە دەرەوەی عێراق''
 
محەممەدکازم ئال سادق ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی لەنێوان تاران و بەغدا هەیە ''ئەو کەسانەی دەستیان بە خوێن سوور نەبووە، دەتوانن بگەڕێنەوە ئێران و دوای ماوەیەک کەرەنتینە بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، ئەوانەش کە دەیانەوێت عێراق جێبهێڵن، ئێمە ئامادەین لە رێگەی کۆنسووڵخانەوە پاسپۆرتیان بۆ دابین بکەین بۆ ئەوەی بچنە دەرەوەی عێراق.''
 
باڵیۆزی ئێران لە عێراق گوتیشی، ئەوانەی دەیانەوێت بێنە نێو کۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی خۆیان لە هەرێمی کوردستان تێپەڕبکەن، دەتوانن لە رێگەی یاساییەوە کارتی نیشینگەی وڵاتەکە وەربگرن ''هەروەها دەشتوانن هەر لەو کامپانەدا کە بە هاوئاهەنگیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەبرێن، بمێننەوە.''
 
زیاتر لە ساڵێک بەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی ئەمنی تێپەڕیوە، محەممەدکازم ئال سادق دەڵێت "بەشی زۆری رێککەوتنەکە جێبەجێکراوە و ئێستا بەدواداچوون بۆ کەموکوڕییەکان دەکرێت.''
 
سەبارەت بە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، باڵیۆزی ئێران لە عێراق گوتی ''ئەوان ناچارن هاوکار بن، حکومەتی عێراق نۆ ملیار دیناری بۆ داخستن و پاراستنی سنوورەکان و دروستکردنی کامپەکان خەرجکردووە، نزیکەی شەش ملیار دیناری داوەتە هەولێر و سێ ملیار دیناریشی داوەتە سلێمانی.''
 
''ئێران سەرەکیترین هاوبەشی ئابووریی عێراقە''
 
محەممەدکازم ئال سادق ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە بواری ئابوورییەوە هاوبەشی سەرەکیی عێراقە و نزیکەی 22٪ بۆ 25٪ـی داهاتی نانەوتیی ئەوان لە رێگەی عێراقەوە دابین دەکرێت، نزیکەی سێ هەزار جۆر شتومەکی ئێرانیش لە بازاڕەکانی عێراقدا ساخ دەکرێنەوە، لەوانەش مادەی خۆراکی و کەرەستەی پیشەسازی.
 
بەگوتەی باڵیۆز، ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق نزیکەی 12 ملیار دۆلارە، کە 25٪ـی تایبەتە بە هەناردەکردنی کارەبا و گاز، گوتیشی ''ئامانجی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق 20 ملیار دۆلارە.''
 
''ساڵانە نۆ ملیۆن سەردانیکار لە نێوان عێراق و ئێران هاتووچۆ دەکەن''
 
بۆ سەردانیکردنی شوێنە ئایینییەکان، ساڵانە هاووڵاتیی و هاونیشتمانییەکی زۆر لەنێوان عێراق و ئێران هاتووچۆ دەکەن، محەممەدکازم ئال سادق دەڵێت ''هاتووچۆی سەردانیکاران لە نێوان دوو وڵاتەکە لە دۆخێکی باشدایە و ساڵانە دەگاتە نزیکەی نۆ ملیۆن کەس.''
 
باڵیۆزی ئێران لە عێراق لەبارەی ئامادەکاری بۆ هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بۆ کەربەلای عێراق گوتی: ''تاوەکو ئێستا دوو لیژنە لەنێوان عێراق و ئێران پێکهێنراوە و بەدواداچوون بۆ ئاسانکاریی زیاتری سەردانیکارانی چلەی ئیمام حوسێن بۆ وڵاتەکە دەکرێت.''