تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان و کێشەی سەلامەتییان هەیە
(0) /
زایەڵە - وەزارەتی ناوخۆ، ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆمار دەکات، کە هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان و کێشەی بچووکی سەلامەتییان هەیە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی تاکو پێش بەرواری ٤ی تەمووز هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە و مەرجی بچووکی سەلامەتییان تێدا نییە وەک، لەحیمی بچووک، درز و کونێک لە شانسی ئۆتۆمبێلەکە، تۆماردەکرێن.
بە گوێرەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد ، بەپێی بەیانی ژمارە ١٦ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە لە رێکەوتی ٤ی تەمووزی ٢٠٢٢ دەریکردووە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆماردەکات کە لەم دواییانەدا هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان و مەرجی بچووکی سەلامەتییان تێدا نییە وەک، لەحیمی بچووک، درز یان کونێک لە شانسی ئۆتۆمبێلەکە، جگە لەو ئۆتۆمبێلانەی مەرجی گەورەی سەلامەتییان تێدا نییە وەک ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژێرئاوکەوتوو، سووتاو و بڕاوەن .
بڕیارەکە تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە تاکو کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆی رێکەوتی ٤ی تەمووزی ٢٠٢٢ هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە .
ئەوەشی خستەڕوو, بڕیارەکە تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە تاکو کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆی رێکەوتی ٤ی تەمووزی ٢٠٢٢ هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە و هەر ئۆتۆمبێلێکیش بەدەر لە رێنماییەکانی ئەو بەیانە لە دوای ڕێکەوتی بڕیارەکەوە بڕوانامەی (COC)ی بۆ رێکبخرێت، ئەوا کۆمپانیای پشکنینی کوالیتی بەو هۆیەوە سزادەدرێت .
راشیگەیاند, بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم لە ٦ی تەمووزی ٢٠٢٢، لە ژێڕ رۆشنایی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە راسپاردووە و هەلومەرجی پێکهێنانی لیژنە و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانی دیاریکردووە .
ئامادەکردنی - کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: