سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: گفتوگۆکان یەکلابکەنەوە بۆ چوون بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار

(0) / / عراق / زایەڵە حەلبووسی سەرۆک کۆمار


Jul 16, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "داوا لە برایان و خوشکان و سەرۆکانی لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دەکەم کە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و گفتوگۆکان یەکلابکەنەوە بۆ چوون بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار".

 محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "لەگەڵ کۆتاییهاتنی پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانانی پەرلەمان و پشووی جەژنی قوربانی پیرۆز، هەروەها دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی یاسادانان، داوا لە برایان و خوشکان و سەرۆکانی لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دەکەم، بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و گفتوگۆکان یەکلابکەنەوە بۆ چوون بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار".

ئەمە لە کاتێکدایە، دەستلەکارکێشانەوەی هەموو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدری لە پەرلەمانی عێراق، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی و هەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ، گوشاری لەسەر لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە.

چاوەڕوان دەکرێت چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە، کە جگە لە رەوتی سەدر زۆربەی لایەنە سیاسییە شیعەکانی تێدایە، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سوننەکان بگەنە رێککەوتن و سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێرن و حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنن.