مووچەی زیاتر لە 15 هەزار موچەخۆر لە هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە مووچە هەرێمی کوردستان عێراق گەنجینەی گشتی


Jul 17, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەهۆی بڕینی مووچەی هەزاران مووچەخۆر، مانگانە زیاتر لە سێ ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێندرێتەوە.

د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان راگەیاند، 13 هەزار كەس لە وەزارەتی شەهیدان مووچەیان بڕدراوە، چوار هەزار و 189 كەسیش دوو مووچەییان هەبوو، مووچەیان بڕدراوە، هەروەها دوو هەزار وارسی خانەنشینانیش، كە مافی مووچەوەرگرتنیان نەماوە، مووچەكانیان بڕدراوە.

وتیشی، لە بڕینی مووچەی نایاسایی و دوو مووچەیی و ئەوانەی مافی مووچەیان نەماوە، مانگانە بڕی سێ ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێندرێتەوەو بەپێی یاسای چاكسازی، چوار هەزار و 189 كەس دەستنیشان كراون، كە دوو مووچەیان هەیە، مووچەیەكیان دەبڕێت، هەر كەسێك لەوانە لە 1ی 7ی 2020 تاوەكوو ئەوكاتەی مووچەكەی راگیراوە، بەپێی یاسای چاكسازی، مووچەكانی لێوەردەگیرێتەوە.

سەبارەت بەو میكانیزمەی، كە مووچەی زیادە وەرگیراوەكانی پێوەردەگیرێتەوە، ئەو بەرپرسەی حكوومەت وتی ، لەبەرئەوەی ئەو كەسانە لە دوو شوێن مووچەیان هەبووە، لە یەكیاندا فەسڵ كراون و مووچەكەی دیكەیان بەردەوامە، بۆیە مانگانە یەك لەسەر پێنجی مووچەكەیان لە مووچەی بەردەوامیان دەگێڕدرێتەوە، تاوەكوو ئەو بڕە مووچەی وەریگرتووە بەتەواوی پاكتاو دەكرێت، بەڵام ئەو 13 هەزار كەسەی وەزارەتی شەهیدان و ئەو دوو هەزار كەسەی وارسی خانەنشینان، مووچەیان بە یەكجاری بڕدراوە .

بەپێی ڕاپۆرتی سێیەمی چاكسازی، كۆی گشتیی پارەی دوومووچەیی چوار هەزار و 189 كەسەكە، بریتییە لە یەك ملیار و 253 ملیۆن و 626 هەزار و 591 دینا و پارەكە بۆ گەنجینەی گشتی گەڕێندراوەتەوە.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم