سێ پەرلەمانتارى سەربەخۆ: دادگای پێداچوونەوەی هەرێم لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی یاسایی و ئەخلاقیی و مێژویی دایە

(0)


Feb 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

سێ پەرلەمانتارى سەربەخۆ لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنن،دەبێت هەر حوكمێكی سزایی دادگا، پاڵپشت بێت بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، كە تۆمەتباركراویش راستیی بەڵگەكان بسەلمێنێ‌. نەك بەزۆر بەسەری دا ساغبكرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەلە، هەرسێ پەرلەمانتارى سەربەخۆ لەپەرلەمانى کوردستان مەم بورهان قانیع و دیارى ئەنوەر و سیروان بابان پەیامێکیان لەبارەى سزادانى رۆژنامەنوس و چالاکوانەکانى بادینان بڵاوکردەوەو رایدەگەیەنن"دەبێت دادگاییكردنی چالاكوانان و رۆژنامەنوسان، بەپێی یاسای رۆژنامەگەریی لە كوردستان، یان ئەو یاسایانەبێت، كە پەیوەندییان بە پرسی ناڕەزایی مەدەنییانەوە هەیە، كەلە توندترین حاڵەت دا، سزاكانیان تەنها غەرامەكردنە".

ئەو سێ پەرلەمانتارە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دادگای پێداچونەوەی هەرێم، لەم پرسەدا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی یاسایی و ئەخلاقیی و مێژویی دایە و داواكارین بە وردیی بەم دۆسێیەدا بچێتەوە و مافی خوراو بۆ مافخواراوان بگەڕێنێتەوە.

راگەیاندراوی سێ‌ پەرلەمانتاری سەربەخۆ لەسەر دۆسێی دادگاییكردنی چالاكوانەكانی بادینان سەبارەت بە بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر لەسەر پرسی چالاكوانەكانی بادینان، كە هەریەكەیان شەش ساڵ حوكمی زیندانیكردنیان بەسەردا دراوە، ئەم راگەیاندراوەمان بەپێویست زانی:

1- دەبێت دادگاییكردنی چالاكوانان و رۆژنامەنوسان، بەپێی یاسای رۆژنامەگەریی لە كوردستان، یان ئەو یاسایانەبێت، كە پەیوەندییان بە پرسی ناڕەزایی مەدەنییانەوە هەیە، كەلە توندترین حاڵەت دا، سزاكانیان تەنها غەرامەكردنە.

2- دەبو ئەو چالاكوانانە، لەكاتی دەستبەسەركردنیان دا، مافی بەرگریكردن و بینینیان بۆ فەراهەمبكرایە.

3- دەبێت هەر حوكمێكی سزایی دادگا، پاڵپشت بێت بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، كە تۆمەتباركراویش راستیی بەڵگەكان بسەلمێنێ‌. نەك بەزۆر بەسەری دا ساغبكرێتەوە.

4- رێزی سەربەخۆیی دادگا دەگرین، بەڵام دەبێت دادگایش بە هەمان ئەندازەی سەربەخۆبون بڕیاربدات و رێگانەدات بێ‌ بونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، چالاكوانان بە سیخوڕ و ئاژەوەگێڕ تاوانباربكرێن.

5- دادگای پێداچونەوەی هەرێم، لەم پرسەدا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی یاسایی و ئەخلاقیی و مێژویی دایە و داواكارین بە وردیی بەم دۆسێیەدا بچێتەوە و مافی خوراو بۆ مافخواراوان بگەڕێنێتەوە و سەروەریی یاسا لەبەرچاو بگیرێت و ئازادیی كاری میدیایی و ناڕەزایی مەدەنییانە، وەكو مافێكی رەوا لەبەرچاو بگیرێت و رێگانەدات بۆ بەلارێدابردنی دادگا.

6- جەختدەكەین لەسەر یەكلاكردنەوەی یاسایی كۆی ئەو پرسانەی لە دادگاكانی كوردستان دا و بە فشاری سیاسیی هەڵپەسێردراون، یان بەهۆیەك لەهۆیەكان داخراون و پەیوەندییان بە تاوانی كوشتنی رۆژنامەنوسان و چالاكوانان و هەڕەشەكردنەوە هەیە لێیان.

ئیمزاكان:

1- دیاری ئەنوەر.

2- سیروان بابان.

3- مەم بورهان قانع.