ئەندامێكی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان: بارودۆخی دادپەروەری ویاسا لەخراپترین ئاستیدایە

(0)


Feb 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێكی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەئێستادا قۆناغی دادوەری و بارودۆخی دادپەروەری ویاسا لەخراپترین ئاستیدایە لەعێراق بەگشتی و لەهەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دادوەر رزگار محەمەد ئەمین ئەندامی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند، ئەنجومەنی دادوەری هەرێم مافی ئەوەی نیە قسە لەسەر سزادانی پێنج دەستگیركراوەكەی بادینان بكات، چونكە ئەو بابەتە تایبەتە بە دادگای پێداچوونەوە و دەچێتە بەردەم ئەو دادگایە و خۆی بڕیاری لەسەر دەدات.

رونیشیكردەوە، من ناتوانم هیچ شتێك لەبارەی سزادانی پێنج دەستگیركراوەكەی بادینان بڵێم، چونكە دۆسیەكەم نەبینیوە و نازانم بەچ ماددەیەك حوكم دراون و وەكو دادوەرێك هەتا مەلەف نەبینم ناكرێت قسەی لەسەر بكەم و  هیچ كەس و لایەنێكی دادوەریش مافی ئەوەی نیە نە بەباش یان بە پێچەوانەوە قسە لەسەر دۆسیەك بكات كە هێشتا نەیبینوە و كاری ئەو نەبێت، چونكە ئەوە تەنها كاری دادگای پێداچونەوەیە.

دادوەر رزگار محەمەد ئەمین وتیشی، بێگومان ئەو بڕیارەی دادگا سەبارەت بەو پێنج كەسە بڕیاری كۆتایی نیە، و دوا بڕیار لای دادگای پێداچونەوەیە، بەڵام  نزیكەی چل ساڵ دەبێت لەدەزگای دادوەریدا كاردەكم لەم بارودۆخەی ئێستای خراپترم نەبینیوە .