مستەفا کازمی: ئامادەین دەسەڵات ڕادەستی هەر حکومەتێکی هەڵبژێردراو بکەین

(0) / / عراق / زایەڵە مستەفا کازمی عێراق حکومەت بەغدا


Aug 11, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانى عێراق داواى لە لایەنەکان کرد بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن، جەختیشیکردەوە ئەوان ئامادەن دەسەڵات رادەستى حکومەتێکى هەڵبژێردراو بکەن.  
کازمى لەکۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا (11-8-2022) وتى "ئێمە پێکەوە لەم حکومەتەدا بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری گەورە ئابووری و ئەمنی و سیاسی و تەندروستی دەستمان پێکرد و ئەو تەحەدایەشمان قبوڵ کرد و نزیکەی دوو ساڵ و نیوێکە هێشتا کار لەسەر تێپەڕاندنی هەموو ئاستەنگەکان دەکەین لە هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆزدا".  
وتیشى "عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن ڕووبەڕووی گرفتێکی سیاسی راستەقینە بووەتەوە و پێویستی بە چارەسەرە، چارەسەریش پێویستی بە دیالۆگ و حیکمەت و فیداکاری هەیە".  
"ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە لە ئەدای حکومەت و سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم حکومەتە ٢٨ مانگی بەسەر بردووە، جێگەی داخە لەم ماوەیەدا تەنها بودجەی ٦ مانگ هەبووە، کەواتە دەوڵەت چۆن دەتوانێت لە غیابی بودجەدا کاربکات؟".  
کازمى دەڵێت "ئێمە بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕین، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کارمان کردووە بۆ زاڵبوون بەسەر چەندین کێشەدا. ئێمە ئێستا لە مانگی هەشتی ساڵی 2022داین، وە هیچ بودجەیەک نییە".  
جەختیشیکردەوە "ئێمە لە ناوەڕاستی ڕێگادا وەستاوین، بە هەمان دووری لە هەمووان؛ بۆیە هیوادارم کوتلە سیاسیەکان پاڵپشتی ئەم حکومەتە بکەن بۆ بەدیهێنانی ئەرکەکەی".  
کازمى داواى لە هەمووان کرد دیالۆگ بکەن بۆ چارەسەرى کێشەکان "دیالۆگ تاکە چارەسەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان و هیچ چارەسەرێکی ترمان نییە".  
بە پێویستیشی زانى کوتلە سیاسیەکان هاوکاری حکومەت بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی بودجە.  
"ئێمە لە ماوەی دوو سێ هەفتەی ڕابردوودا بە سەختییەکدا تێپەڕین، سوپاس بۆ خوا قەیرانەکە بە هێمنی مامەڵەی لەگەڵ کرا، سەرکەوتوو بووین کە خوێنی عێراقی لەسەر خاکی عێراق نەڕژێت، بەردەوام دەبین لەسەر ئەم رێبازە".  
کازمى باسى لەوەشکرد، ئەوەی پێی وایە ئەم حکومەتە کار بۆ گرژکردنی دۆخەکە دەکات هەڵەیە، "ئێمە لە یەکەم ڕۆژەوە وتمان: ئێمە ئامادەین دەسەڵات ڕادەستی هەر حکومەتێکی هەڵبژێردراو بکەین".  
جەختیشیکردەوە، هەزار ساڵ دیالۆگ باشترە لە یەک سات کە پێکدادان لە نێوان عێراقییەکاندا ڕووبدات.