دادگای فیدڕاڵیی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ڕەتکردەوە

(0) / / عراق / زایەڵە عێراق دادگای فیدراڵ


Sep 07, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەڵاح عەرباوی، سەرکردە لە بزووتنەوەی وەعی کە سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان پێشکەشی دادگای فیدڕاڵی کرد لە کورتە ڤیدیۆییەکدا لە تویتەری خۆی (7ی ئەیلولی 2022) دەڵێت، "دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکەی ڕەتکردووەتەوە بە هۆکارێکی کە هێشتا لێی ئاگادارنەکراونەتەوە و ناوەڕۆکەکەیمان نەدیوە." 

دەشڵێت، "ئێمە ڕێزی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەگرین، بەڵام ئەوە کۆتایی ڕێگاکە نییە و تانەمان لێ داوە، چەندین ڕێگای تر دەگرینەبەر." 

ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە لەبارەى ڕەتکردنەوەی سکاڵاکە: 

1- ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوای هەڵبژاردنیان، تەنها نوێنەرایەتی خۆیان و لایەنە سیاسییەکانیان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، بۆیە پێویستە کار بۆ ئەوە بکەن کە بۆی هەڵبژێردراون، کە ئەمەش بەرژەوەندی خەڵکە. 

2- سەقامگیری پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پێویستی بەوەیە هەمووان پابەندبن بە بڕگەكانی دەستوور و سەرپێچی نەکەن، هەروەها نابێت هیچ دەسەڵاتێك بەردەوام بێت لە تێپەڕاندنی ماوە دەستوورییەكان تا كاتێكی نادیار، چونكە ئەمە پێشێلكردنی دەستوور و رووخاندنی تەواوی پرۆسەی سیاسی و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی وڵات و هاوڵاتیان. 

3- سزای پەرلەمان لەكاتی جێبەجێنەكردنی ئەركی دەستورییانەی خۆی هەڵوەشاندنەوەیەتی لەكاتی هەبوونی پاساودا. 

4- دەستووری كۆماری عێراق کە ساڵی 2005 نوسراوە میكانیزمی دەستووری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە پێی بڕگەكانی ماددەی (64/یەکەم)ی داڕشتووە. 

5- دەسەڵاتی دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی بە ماددەی (93)ی دەستوور و ماددەی (4)ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی سنووردارە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناگرێتەوە. 

6- دەستووری كۆماری عێراق كەمتەرخەمی نەكردووە لە ڕێكخستنی بڕگەكانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەربۆیە هیچ بوارێك نییە بۆ جێبەجێكردنی تیۆری نەهێشتنی دەستوور.