بەرهەم ساڵح: شۆڕشی ئیمام حوسێن (ع) شۆڕشی چاكسازی بوو دژ بە ستەمكاری

(0) / / عراق / زایەڵە ئەربەعین ئیمام حوسێن بەرهەم ساڵح


Sep 16, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆك كۆماری عێراق بەبۆنەی چلەی ئیمام حوسێن (ع) پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، شۆڕشی ئیمام حوسێن وەرچەرخانێكی مەزن بوو لە مێژوودا، شۆڕشێك بوو لە پێناو ئازادی و دادپەرورەی و شۆڕشی چاكسازی و گۆرانكاری راستەقینە بوو دژ بە ستەمكاری.
بەبۆنەی ساڵیادی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن (ع)، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: شۆڕشی ئیمام حوسێن وەرچەرخانێكی مەزن بوو لە مێژوودا، شۆڕشێك بوو لە پێناو ئازادی و دادپەرورەی و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەمكاری، شۆڕشەكەی ئیمام حوسێن و هاوەڵەکانی پەند و وانەیەكی گرنگ بوو كە بۆ هەتاهەتایە بە بەرزی دەمێنێتەوە، شۆڕشی چاكسازی و گۆرانكاری راستەقینە بوو دژ بە ستەمكاری، لەو پێناوەشدا قوربانییەكی مەزنیان پێشكەش بە مرۆڤایەتی كرد.
سەرۆك كۆمار دەڵیت: پێوستە پەند و وانە لەو یادە مەزنە وەرگرین و لەواتا و ناوەرۆكە بەهادارەكەی حاڵی بین و وەك میکانیزمێك بۆ چاكسازی راستەقینە و دامەزراندنی دەوڵەتێكی بەهێز كە خزمەتكار و پارێزەری گەل بێت و گوزارشت لە ئیرادەی راستەقینە و مافە رەواكانی گەل بكات لە بنیاتنانی نیشتمانێكی بەهێز و پێگەی شارستانی شایستە لەناو گەلانی ناوچەكە و جیهاندا.
هەروەها، سڵاو ئاڕاستەی ئەو ملیۆنەها زیارەتکارانە دەكات، كە لە كاروانی چلەی ئیمام حوسێندا بەرەو كەربەلا بە رێکەوتوون و بەرجەستەی مەزنترین بەها مرۆییە باڵاكان دەكەن و دەشڵێت: سڵاو و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی ئەو خۆبەخشانەش دەكەم كە خزمەتی زیارەتكاران دەكەن، ئەو خزمەتگوزارییەی ئەوان پێشكەشی دەكەن، بەرجەستەی ئەوپەڕی جوامێڕی و میواندۆستی عێراقییەكانە، هاوكات سڵاو رێزی بێپایانی خۆشم ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە ماندوونەناسانە ئەركی پاراستنی ئاسایشی ئەو زیارەتكارانەیان گرتۆتەئەستۆ.