هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا

(0) / / جهان / زایەڵە پێنتاگۆن ئەلبوکەمال عێراق سووریا هەولێر حیزبوڵڵا


Feb 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە ناوچەی ئەلبوکەمال لە سنووری نێوان عێراق و سووریا لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکاوە بۆرودومان کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، پێنتاگۆن کاژێرەکانی دەستپێکی هەینی بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک ئاماژەی کرد کە بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشێکی ئاسمانی دژی هێزە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی مقاومەی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام داوە.
پاش ڕاگەیێندراوەکەی پێنتاگۆن، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی بڵاوی کردەوە ئەمریکا هێرشی کردۆتە سەر پێگەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی ئێران لە سووریا.
بە گوێرەی ئەم هەواڵە، هێرشەکە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەیە بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر بووە.
کەناڵی تێلێگرامی سابرین نیووز نێزیک لە گرووپەکانی نەیاری ئەمریکا لە عێراق بڵاوی کردەوە فڕۆکەکانی ئەمریکا ناوچەکانی ئەلبوکەمال و قائم لە سنووری نێوان سووریا و عێراقیان کردۆتە ئامانج.
بە گوێرەی ئەم هەواڵە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا یەک کەس کوژراوە و چەند کەسی دیکەش برینداربوونە.
هاوکات ئەی بی سی نیوز، بڵاوی کردەوە ئەمریکا لە تۆڵەی هێرشە مووشەکییەکە بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر، پێگەی کەتائیبی حیزبوڵڵا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە رۆژهەڵاتی سووریای کردۆتە ئامانج.