سەرۆک کۆماری ئێران: ئاسایش و سەقامگیری دەبێت لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێت

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران عێراق ڕەئیسی


Nov 30, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە ڕوانگەی ئێران و حکومەتی عێراقەوە ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بابەتێکی زۆر گرنگە و هەر بۆیە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، تاوانی ڕێکخراوەیی، قاچاخی مادەی هۆشبەر و هەر ئاڵۆزییەک کە هەڕەشە لە ناوچەکە بکات، لە ڕیزی ئیرادە و ڕێکەوتنەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە.

ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تاران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا وتی: پەیوەندییەکانی ئێمە و عێراق پەیوەندییەکی ئاسایی نییە، ئەم پەیوەندییانە بۆ بیر و بڕوای گەلانی هەر دوو وڵات دەگەڕێتەوە و ئەمەش گەلان و حکومەتەکانی هەر دوو وڵاتی لێک نزیک کردووەتەوە.

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ڕیشەی ئەم پەیوەندییانە لە ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) و میوانداریی حکومەتی عێراق و خەڵکی ئەم وڵاتە لە زیارەتکاران و هەروەها سەردانیکردنی عێراقییەکان بۆ مەزارگە پیرۆزەکان لە ئێران بینراوە.

ناوبراو وتی: حکومەتی ئێستای عێراق ئەنجامی ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەیە و هیوادارین بە سەرۆکایەتی بەڕێز سودانی خزمەتگوزارییەکی جیاواز بۆ گەلی عێراق دابین بکرێت.

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە تاران و بەغدا لە بوارەکانی ڕۆشنبیری، سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی پێکەوە هاوکارییان هەیە و هیوادارین کە لە سەردەمی کابینەی نوێی عێراق ئاستی هاوکارییەکان لە گەڵ ئێران بەرزتر بکرێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئاسایش و سەقامگیری دەبێت لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێت و بوونی بێگانەکان هیچ کات نابێتە هۆکاری پتەوبوونی ئاسایشی ناوچەکە، وەک چۆن کە بوونی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان و عێراق نەبووە هۆی سەقامگیربوونی ئەم دوو وڵاتە، لە وڵاتانی دیکەش ئەنجامێکی نابێت و بە دڵنیاییەوە کە دەرکردنی ئەوان دەتوانێت یارمەتیدەری داهاتوویەکی باشتر بۆ ناوچەکە بێت.

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران خاڵێکی وەرچەرخانە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و بە دڵنیاییەوە کە دانوستانەکانی تاران دەتوانێت هەنگاوێک بەرەو بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان بێت.

وتیشی کە تاران و بەغدا تێڕوانینی هاوبەشیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەیییەکاندا هەیە و بە دڵنیاییەوە کە ئەم پەیوەندییە باشە لە ئاستی دووقۆڵیدا دەگاتە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان لە ناوچەکە و جیهان.