پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر لە سلێمانی جێبەجێدەکرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی کارەبا


Dec 06, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لەچوارچێوەی گرنگیدان بەوزە نوێبووەکان و سوودوەرگرتن لەوزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، پرۆژەیەک بەتوانای 50 کیلۆوات لەسەربانی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.

 ئەندازیار شادمان شكری سعید لێپرسراوی بەشی وزە نوێبووەکان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بەزایەڵەی  ڕاگەیاند،، لەسەر بودجەی داهاتی 8%ی کارەباو بەبڕی 62 ملیۆن دینار پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لەوزەی خۆر جێبەجێ دەکرێت کەتوانای بەرهەمهێنانی 50 کیلۆوات کارەبای هەیەو تێکەڵ بەکارەبای نیشتمانی دەکرێتەوە.

راشیگەیاند، پرۆژەکە پێکهاتووە لەدانانی 96 پەناڵ لەجۆری لۆنگی 530 وات و هێڵی پەناڵەکانیش لەجۆری گەڵڤەنایزەو بەشێوەی راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت.

جێگەی ئاماژە بۆکردنە بەشی وزە نوێبووەکان یەکێکە لەبەشە گرنگەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی کە گرنگی زۆر دەدات بە بەرهەمهێنانی کارەبا لەوزە نوێبووەکان و توێژینەوەی زانستی زۆری لەبەردەستدایە لەوبارەیەوە لەئێستادا ئەو هاووڵاتیانەی کە خوازیاری دانانی ئەم سیستەمەن دەتوانن سەردانی ئەو بەشە بکەن لەناو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی و سەرجەم زانیاری و رێنماییەکان لەوان وەربگرن.

لەئێستاشدا حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە هەر کەسێک پرۆژەی سۆلار دابنێت دەتوانێت تێکەڵ بەکارەبای نیشتمانی بکات و مانگانە لێدەرکردنی بۆ بکات لەسەرفیاتی کارەبا.

ئامادەکردنی- کامەران  کەریم