بەدواداچوون بۆ ئاستی خوێندنگەكانی سنووری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی دەكرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی پەروەردە


Jan 08, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - لە ئەمڕۆوە لەرێی 30 لیژنەوە هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ئەو خوێندنگایانە دەكرێت كە دەكەوێتە سنوری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانییەوە.
 مامۆستا حەوێز محەمەدسەرپەرشتیاری یەكەمی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند،  بەپێی پلانێكی تۆكمەی داڕێژراو لەژێر ناونیشانی پرۆژەی بنیاتنانی تواناكان یەكەی سەرپەرشتیكردنی بنەڕەتی رۆژئاوا دەستی بەكارەكانی خۆی كرد بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی سەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی سنووری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی كە بریتین لە 250 ناوەندی خوێندن و ئەو قوتابخانەی لە 1تا 6 و 7 تا 9 یاخود ئەو قوتابخانانەی 1-9  پێكهاتوون لەگەڵ 36 باخچەی منداڵان.
وتیشی، هەڵسەنگاندنەكە لەسەر كۆی پرۆِسەی پەروەردەیە واتە سەرجەم ئەركەكانی بەرێوبەرو مامۆستایان و پڕۆگرام و شێوازی وانە وتنەوەو هەروەها هەموو ئەو شێوازە پەروەردەییانەوە دەگرێتەوە بۆ ئەوەی بزانرێت لەم قۆناغەدا پەروەردە لە چی ئاستێك و كواڵیتییەكی خوێندندایە ئەویش بە بەكارهێنانی 25 ستانداردی نێودەوڵەتی كە دابەش بووە بەسەر 5 بواری خوێندندا.  
كە بواری یەكەم بریتییە لە سەركردایەتی و بەڕێوەبردن كە 9 ستنادارد لە خۆدەگرێت.
بواری دووەم  پەروەردەو فێركردن لە خۆ دەگرێت لە 6 ستاندارد پێكهاتووە .
بواری سێیەم  هاوكاری پشتیوانی قوتابیانە كە 4 ستاندارد لەخۆدەگرێت.
بواری چوارەم بەشداری پێكردنی كۆمەڵگای خۆجێی و كۆمەڵگای مەدەنییە كە لە 2 ستاندارد پێكهاتووە.
بواری پێنجەم دەرهاویشتەو ئەنجامەكانی ئەم هەڵسەنگاندانەیە كە 4 ستاندارد لە خۆدەگرێت.
دەشڵێت، هەر یەكێك لەم ستاندارتانە لە هەربوارێك كاریگەری خۆی هەیە و هەرستانداردێكیش رەبتی هەیە بە ستانداردێكیترەوە  
مامۆستا حەوێز محەمەد راشیگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەكان دەست بە كارەكانی خۆیان دەكەن كە لە 3 سەرپەرشتیار پێكدێت هەر سەرپەرشتیارەو شارەزایەكی تایبەتی خۆی هەیە و ئەركەكان دابەشدەكەن بەجۆرێك هەندێ قوتابخانە هەیە ئەم لیژنانە 3 رۆژ یا زیاتر دەمێننەوە بەپێی ژمارەی خوێندكاران و مامۆستایان بە ئامانجی هاوكاریكردنی بەڕێوبەر و مامۆستایان هەروەها ئامانجمان ناساندنی توانای پەروەردەیە لەگشت بوارەكاندا.
ئاماژەی بەوەشكرد،ئەم پرۆِژەیە پرۆژەیەكی نوێ نییە بەڵكو لە ساڵی 2010 بەردەوامە بەڵام لە ساڵی 2019 بۆ 2020 بەهۆی نەخۆشی كۆڤید -19 كۆرۆنا پرۆژەكە وەستا, خۆشبەختانە لە ساڵی پارەوە دەستمان پێكردووەتەوە, تابتوانین لە رێگەی ئەم 25 ستانداردەوە بۆمان دەربكەوێت لە چی ستاندارتێكە لاوازین تا خۆمان پێشبخەین وهەوڵبدەین, بۆ نموونە ئەگەر قوتابیەك ئاستێكی یەكی هێنا نمرەكەی لە (25تا 44) بوو دەبێت ئێمە پاڵپشتی تەواوی بۆ بكەین گرفتەكە بدۆزینەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بكەین, یان ئەگەر قوتابیەك ئاستی چواری هێنا یان نمرەكەی باشبوو دەستخۆشی لێبكەین, و ئەو قوتابیانەی نمرەیەكی مامناوەند دەهێنن ئێمە پشتیوانیان بكەین  كە مەبەستمان چاككردنی كواڵیتی خوێندنە و بەكارهێنانی تازەترین رێگاكانی وانە وتنەوەیە.
روونیشیكردەوە،لە ئێستایە وەزارەتی پەروەردە بۆ چارەسەركردنی گرفتی وانە وتنەوە كۆمەڵێك مامۆستای راهێنەری دەنێرێتە خوێندنگاكان تا شێوازی وانە وتنەوەی سەردەم و میتۆدەكان روونبكەنەوە بۆ مامۆستایان.
لە كۆتایشدا مامۆستا حەوێز محەمەد, سەرپەرشتیاری یەكەمی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی وتی، لێرەوە داوا لە بەرێوبەرو مامۆستیان و سەرپەرشتیاران دەكەین كە بەرۆحێكی تەبایی هاكارمان بن بۆ ئەوەی ئامانج و مەبەستەكەمان بەدیبهێنین كە هەڵسەنگاندنی دامەزراویەكی پەروەردەییە كە لەچی ئاستێكدایە  نەك هەڵسەنگاندنی تاك و شەخسێك.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم