مەسرور بارزانی: کێشەی کۆکردنەوەی داهات‌و نەمانی پارە لەبانکەکانی سنوری سلێمانی‌و گەرمیان‌و هەڵەبجەو ڕاپەڕین هەیە

(0) / / کردستان / زایەڵە مەسرور بارزانی کوردستان داهات سلێمانی


Jan 15, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند بڕیارێكى ده‌ركردو ڕایگه‌یاند، "ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستە بوە، داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم بوە کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنورییەکانە"، ده‌شڵێت:"بەڵام بەداخەوە، ڕێگە نەدراوە ئەم بوارە لەسنوری سلێمانی‌و گەرمیان‌و هەڵەبجەو ڕاپەرین ڕێکبخرێتەوە، بۆیە سەرکردایەتی یەکێتی، بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لەو دەڤەرانە دروستبوە".
هاوڵاتییانی خۆشەویست،
من‌و کابینەکەم لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان‌و ئێوەی خۆشەویست سوێندمان خواردوە کە کاربکەین بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل‌و نیشتمان‌و پاراستنی کیانی دەستوریی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە لەسەرەتای ئەم کابینەیەوە، وا ڕێککەوتین کە شوێنەواری دوو ئیدارەیی بسڕێتەوەو بڕیارەکانی حکومەت، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەیەکشێوە جێبەجێبکرێن.
نابێت لەهیچ بەشێکی هەرێمی کوردستاندا، بڕیاری حزبی یان تاکەکەسی، ڕێگە لەجێبەجێکردنی کارو بەرنامەی حکومەت بگرێت، من بەیەکسانی، سەیری سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەکەم‌و خۆم بەبەرپرسیار دەزانم بەرامبەر هەموو هاوڵاتیانی هەرێم لەهەموو پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکاندا، بەڵام بەداخەوە، ڕێگریی کراوەو کۆسپ بۆ حکومەتی هەرێم دروستکراوە، کە ئەمەش زیانی بەژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتییانمان گەیاندوە.
نزیکەی دوو ساڵە، کێشەی کۆکردنەوەی داهات‌و نەمانی پارە لەبانکەکانی سنوری سلێمانی‌و گەرمیان‌و هەڵەبجەو ڕاپەڕین هەیە، بەدواداچونی ئەم کێشەیەمان کردوەو لیژنەیەک لەوەزارەتی دارایی‌و ناوخۆ، بۆ بەدواداچونی ئەم کێشەیە پێکهێنرا، بەڵام کرۆکی ئەم کێشەیە ئەوەیە، کە هەندێک کەس‌و لایەن لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان، دەستدەخەنە ناو پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ئەو سنورانە، بۆیە هەر ئەو کەسولایەنانە بەرپرسیارن لەبەرامبەر ئەو زیانانەی بەهاوڵاتییان‌و دامودەزگاکانی حکومەت دەگات.
شەفافییەت ئەوەیە کە حکومەت، خۆی چاودێریی لەسەر کۆی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتەکانی بکات، نەک بەتەنها ئاگاداری ئەو بەشەبێت کە بۆ حکومەت جیادەکرێتەوە. لەسەرەتای ئەم کابینەیە، هەوڵمانداوە داهاتەکانی هەرێم ڕێکبخەینەوەو تائاستێکی باشیش سەرکەوتوبوین‌و هەر بەو هۆیەوە، توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتیی لەسەرەتای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنادا تێپەڕێنین.
هاووڵاتییانی بەڕێز،
ماوەیەکە لەلایەن دامودەزگاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە، کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەم کابینەیەن، وا باسدەکرێت کە ئابڵوقە لەسەر سنوری سلێمانی هەیە، هەموو شارەزایانی دۆخی دارایی هەرێم دەزانن کە داهاتی نەوت‌و هەروەها ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لەبەغدا هاتوە، بەشێوەیەکی یەکسان دابەشکراوەو موچەی کارمەندانی پێدراوە، ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستە بوە، داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم بوە کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنورییەکانە، بەڵام بەداخەوە، ڕێگە نەدراوە ئەم بوارە لەسنوری سلێمانی‌و گەرمیان‌و هەڵەبجەو ڕاپەرین ڕێکبخرێتەوە، بۆیە سەرکردایەتی یەکێتی، بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لەو دەڤەرانە دروستبوە.
ئەگەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییانمان، لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی دابنرێت، ئەوا چارەسەریی ئەم دۆخەش ئاسانە و پلان و بەرنامەی کارامان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەنگاوی باشیشمان نابوو بۆ چارەسەری، بەڵام بەداخەوە ڕێگری کرا لە جێبەجێکردنی و دواتریش کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ئەو پرۆسانەی بە تەواوی پەک خست.
کێشە داراییەکان و بابەتی کۆکردنەوەی داهات، نزیکەی دوو ساڵە هەیە و دەیان کۆبوونەوە لە سەر ئەم بابەتە کراون و بەرچاوڕوونیی باش هەبووە بۆ چارەسەری. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەیە بۆ ناردنی هێزی هاوبەش بۆ دەروازە سنووریەکان، بەڵام یەکێتی نیشتیمانی ڕێگر بوو و هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر ئەوە بکرێت شەڕی ناوخۆ ڕوو دەدات، بۆیە لەم کاتەدا، زەقکردنەوەی ئەم بابەتە، تەنیا بۆ ئەوە بووە تیشک نەخرێتە سەر بابەتی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە جەرگەی پایتەختی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، هێمای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و تۆقاندن بوونە و ناکرێت لە ناوخۆی هەرێم، کەسانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان دەست بۆ تیرۆر ببەن.
لەم کەیسەدا، هیچ لایەنێکمان تۆمەتبار نەکردووە، تەنیا ناوی چەند کەسێکی تۆمەتبار هەیە کە دەبێت ڕادەستی دادگا بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، بە فەرمی نووسراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە سلێمانی کراوە. هەر لە سەرەتاوە، گوتوومانە با لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش هەبێت و با لایەنی سێێەم، تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، بەشداری لە لێکۆلینەوەکە بکەن، بەڵام بەداخەوە، تا ئێستا وەڵامێک بۆ ئەم داواکارییە نیە. کەواتە کێشە داهات و دۆخی دارایی سلێمانی نیە، ئەوەی کە هەیە ئەوەیە، داوامان لێ دەکرێت کەیسی تیرۆری هاوکار جاف کپ بکرێت کە ئەمەشیان داواکارییەکی ناڕەوایە و نابێت هاووڵاتییانی هەرێم  قبولی بکەن.
دۆخی ناوچەکە لێمان دەخوازێت کە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و بەهێزەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین . لێرەدا لە پیناو بەرژەوەندیی گشتی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە، دەخەمە بەردەم ڕای گشتی و هەموو لایەنەکان:
یەکەم: لە بارەی کەیسی تیرۆرکردنی هاوکار جاف کە هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە، داوا دەکەم، سەرەتا تۆمەتباران ڕادەستی دادگا بکرێن و ئینجا با لێژنەیەکی هاوبەش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە ئامادەبوونی لایەنی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان و یان هەر وڵاتێکی دۆست کە بخوازێت بەشدار ببێت، پێک بهێنرێت، تاکو هەرچی زووتر لیکۆڵینەوە لەگەڵیان دەست پێ بکرێت و ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.
دووەم: لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، داوا دەکرا بابەتی لامەرکەزییەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لە داهات و خەرجی جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەو دەسەڵاتە شۆڕکرایەوە. ئێستا لە لایەن تیمی وزاریی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، داوا دەکرێت خەرجییەکان بکرێتەوە مەرکەزی، ئەگەر ئەمە داوا دەکرێت، پێویستە کۆکردنەوەی داهاتیش بکرێتەوە مەرکەزی و پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات بە تایبەت لە خاڵە سنووریەکان، لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری چڕی مەرکەزی بێت. بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە هاوئاهەنگیی لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە هەبێت تاکو ڕێگە لە قاچاخچێتی و دەستبردن بۆ داهاتی دەروازە سنووریەکان بگیرێت و پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە زۆر پێویستە.
سێیەم: پێویستە کۆسپ بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دروست نەکرێت. لەم کابینەیەدا، بە کردەوە هەنگاومان بۆ چاکسازی لە هێزی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەیان ناوە و دەبێت هێزی پێشمەرگە، ببێت بە هێزێکی نیشتیمانیی بەهێز بۆ بەرگری لە کیانی دەستووریی هەرێم و دوورخستنەوەی هەڕەشەکان، دوور لە ئەجێندای حیزبی و تاکەکەسی.
چوارەم: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم، پێویستە هەرچی زووتر، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی خۆی ساز بکات بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردن ، تاکو بە کردەوە، هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن بنرێت و پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت و ئێمە لە حکومەتی هەرێم، ئامادەین هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، لە زووترین کاتدا دابین بکەین.
پێنجەم: دەبێت لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت، وەک حیزب، پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بن و نابێت لە ناو حکومەت بن و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن. پێویستە وەزیر و تیمە وەزارییەکانیش، جێبەجێکاری ئەجێندای حکومی بن و نابێت کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بگوازنە ناو حکومەت. دەبێت کێشە سیاسییەکان، لە دەرەوەی حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت نەک کاری حکومەت پەک بخەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/1/15