قوباد تاڵەبانی لە كۆبونەوەی لەگەڵ مەكگۆرك: دەبێت هەرێم و بەغدا پەلە بکەن لە رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز

(0) / / کردستان / زایەڵە قوباد تاڵەبانی کوردستان هەرێم بەغدا مەک گورک


Jan 17, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ برێت مەكگۆرك، رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقاو وەفدی هاوڕێی، رایگەیاند، دەبێت هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ پەلە بکەن لە رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز. وەفدە ئەمریكییەكەش ئامادەییان نیشاندا هاوکاری هەر دو حکومەت بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆبونەوەی لەگەڵ برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقاو وەفدی هاوڕێی، دۆخی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پێگەی هەرێمی کوردستانیان لە ناوچەکەدا تاوتوێ کرد.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لە تەوەرێکی کۆبونەوەکەدا شاندی ئەمریکا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دوپات کردەوەو جەختیان کردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەو چاکسازی لە وەزارتی پێشمەرگەدا. هیوای ئەوەشیان خواست کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەڕێی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان بکەن."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەر لە کۆبونەوەکەدا باسی وزەو سیاسەتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کراو لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند "دەبێت هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ پەلە بکەن لە رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ناکۆکییانە بهێنرێت کە چەندین ساڵە هەیە."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند"لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدان و پێویستە ئەم دەرفەتە بەکاربهێنین تا رێککەوتنێکی گشتگیرو درێژخایەن لەسەر بودجەو یاسای نەوت و گازو هەمو ئاستەکانی دیکەدا بکرێت کە لە بەرژەوەندی هەمو هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەمبارەیەوە وەفدی ئەمریکا پشتگیری خۆیان بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە دەربڕی و ئامادەییان نیشاندا هاوکاری هەر دو حکومەت بکەن بۆ ئەوەی بە رێککەوتنێکی گشتگیر بگەن کە لەخزمەتی هاوڵاتیانی کوردستان و عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا بێت."