پاپا گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدا

(0) / جهان


Mar 05, 2021

قەبارەی فۆنت:

پاپاى ڤاتیکان گەیشتە فڕۆکە خانەی شاری بەغدای پایتەختی عێراق و لە لایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران پێشوازی لێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەمڕۆ هەینی 5ی مارچ، پاپاى ڤاتیکان گەیشتە فڕۆکە خانەی شاری بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ گەیشتنى بۆ بەغدا،  لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە پێشوازى لێکرا

بڕیارە پاپا لەسەردانەکەیدا کە یەکەم سەردانیەتى بۆ دەرەوە لەدواى سەرهەڵدانى پەتاى کۆرۆنا، چاوى بە دیارترین مەرجەعەکانى شیعە لە عێراق بکەوێت، لەناویاندا عەلى سیستانى.   

پاپا پێشتر سوربوونى خۆى نیشاندا لەسەر ئەو سەردانە سەرەڕاى بەرزبوونەوەى ئامارى توشبووانى کۆرۆنا لە عێراق و مەترسییە ئەمنییەکان.

بەپێی بەرنامەى سەردانەکەى، ئەمڕۆ هەینى 5ی شوبات پاپا لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێ دەکرێت، پاشان دەچێتە کۆشکی کۆماری و لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لێ دەکرێت، پاشان لەگەڵ دار و دەستەکەى دەچنە کڵێسای "سیدە النجاە" لە بەغدا و لەگەڵ پیاوانی ئاینی مەسیحی عێراق کۆدەبێتەوه.

بۆ ڕۆژی شەممە (6ی ئازار) پاپا دەچێتە نەجەف و چاوی بە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەکەوێت، پاشان دەچێتە شاری شوێنەواری ئور.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە (7ی ئازار) پاپا سەردانی هەولێر دەکات و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن بەرپرسانی حکومی و سیاسیی و ئاینی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ دەکرێت، پاشان دەچێتە موسڵ و لەوێ نوێژ لەسەر قوربانیان شەڕ دەکات و پاشان دەچێتە کڵێسای گەورەی "الگاهرە" لە قەرەقوش، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و ئاهەنگی ئاینی مەسیحی لە یاریگای "فرانسۆ حەریریی" دەگێڕدرێت.

ڕۆژی 8ی ئازار پاپا دەگەڕێتەوە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و ڕێوڕەسمی خواحافیزی بەڕێوەدەچێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئیتاڵیا.