سەرکردەیەکی یەکێتی بۆزایەڵە:دەبێت دیاریکردنی نرخەکان بە دینار بێت

(0) / / گفتگو / زایەڵە دینار دۆلار


Feb 08, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - بێستون سابوراوایی ئەندامی سەرکردایەتی  یەکێتی نیشتیمانی  کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، بەپێی هەموو یاسا و مەنتقێکی ئابوری, ناکرێت نرخی دیناری عێراقی لە بەرانبەر دراوە  بیانیەکان  لە دابەزینێکدابێت ئاستەکانی هەژاری زیاتر بکات، چونکە لافاوێک لە پشێوی سیاسی و تاوانە کۆمەڵایەتیەکان  بەدوای خۆیدا دەهێنێت نەک هەر لە زەرەری عێراق و شێوازی حوکمداریەکەی دەبێت بەڵکو زیانمەندی زیاتر ئەو وڵاتە هاوپەیمانە ڕۆژاواییانە دەبن کەلەگەڵ پرۆسەی ڕوخانی ڕژێمی بەعس   هاتنە عێراق و خۆیان کرد بەخاوەنی پارێزگاریکردن لە گەلانی عێراق،  لەپێش هەمووانیشەوە ئەمریکا.
وتیشی،   ئەمریکا پێداگرە لەسەر پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی سیاسی و حوکمداری لە عێراقدا، ئەوەش باش دەزانێت کە هەبوونی پشێوی وناسەقامگیری بە قازانجی کام لە نەیارەکانی دەگەڕێتەوە ،لەلایەکی تریشەوە دابەزینی نرخی دینار لەخوار ئاستی هاندانی خواستی بازرگانی دەرەکی وهاوردەکردنی کاڵای سەرمایەداری و تەکنۆلۆجیای بیانی  زیانێکی گەورە لە پرۆسەی وەبەرهێنانی بیانی و خۆماڵی دەدات لە عێراقدا و،  بەشێوازێکی کاریگەر ئەو پرۆسەیە پەکدەخات.
ڕونیشیکردەوە،   هۆیەکەشی ئەوەیە کە لە عێراقدا پرۆسەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی  کە بڕبڕەی پشتی گەشەپێدانی ئابوریە لە شوێنی خۆی دەوەستێت  و رێژەکانی بێکاری و هەژاری زیاد دەکات و ئەگەر وەکو ئێستا باوە نرخی کاڵا و خزمەتگوزاری بەدۆلار دیاری بکرێت و دەرامەتی  تاکەکەس نەگۆڕ بێت ئاستی نرخەکان بەگشتی زۆر بەرز دەبێت و توانای کڕین هێندەی تر  دادەبەزێت و بزاوتی ئالوگۆڕی بازار ودەستاودەستکردنی پارە لە کڕیارەوە بۆ فرۆشیار و بەرهەمهێن کز و خاو دەبێت و ئەو پڕۆژە و کارگانەی هەشن لەکار دەکەون و نابووت دەبن.چارەسەری هەنووکەیی جگە لە بڕیاردان بۆ دیاریکردنی نرخی گونجاوی دینار بەرانبەر دۆلار بە دیاریکراوی و ، کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات ،  بڕیاردانی توند و یاسایی بۆ قەدەغەکردنی دیاریکردنی نرخی کاڵا و خزمەتگوزاری بە دۆلارە و، پرۆسەی گۆڕینەوەی دۆلار و دینار و دراوەکانی تر تەنها لە بازاڕی گۆڕینەوەی دراوەکان بێت ، ئەو شوێنەی کە بە بازاڕی دۆلارەکە ناسراوە لە ناو هاوڵاتیانی  پارێزگاکاندا،  یان لە بانکەڕێگاپێدراوەکاندا بێت.
کامەران کەریم