سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی بگەڕێنەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی مەسرور بارزانی


Apr 26, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەنجامی چوونی شاندی حکومەت بۆ لای جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، "جارێکی دیکە داوا دەکەین کە بگەڕێنەوە و ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن."

 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان  ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-04-2023، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی سێ بابەت کران کە دیارترینیان ئەنجامی چوونی شاندی حکومەت بۆلای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتیی دانەوێڵەی عێراقی.

 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە، وەزیرەکانی یەکێتیش لە رۆژی 22-12-2022ـەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.

مەسرور بارزانی جارێکی دیکە جەخت لە گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی دەکاتەوە و دەڵێت، "بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران" و ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن. دەشڵێت، "هەر کێشە و گرفتێکیش هەبێت کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژوەندیی گشتی بێت، پێویستە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت."

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "جەختمان لەوە کردەوە کە ئێمە دەمانەوێ تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن.

تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تایبەت بوو بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق.

مەسرور بارزانی دەڵێت، "وەزارەتە پەیوەندیدارەکانمان راسپارد کە رێکاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی جووتیارانی کوردستان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان دەکڕدرێتەوە."