مارکێت و دوکانەکانیش دەگرێتەوە؛ لیژنەی ئاوی لەدەبەنراو ئەم شوێنانە دادەخات

(0) / / کردستان / زایەڵە مارکێت


May 04, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە ئەو کارگەو کۆگایانەی ئاوی لەدەبەنراو لەپلەی گەرمی (25) بەرزتر عەمبار بکەن یان بگوازنەوە روبەڕوی سزا دەکرێنەوە.

کەیوان خەلیل، سەرۆکی لیژنەی کارگە وکۆگاکانی ئاو بەزایەڵەی ڕاگەیاند، لەمانگی رابردودا لیژنەکە (62) سەردانی ئەنجامداوە و لەو ژمارە (17) پسوڵەی سەرپێچی و حەوت شوێنیشیان ئاگادار کردوەتەوە کە پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن بن، بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

وتیشی، لەڕێگەی راگەیاندنەکان و سەردانی لیژنە هاوبەشەکانەوە بۆ کارگە و کۆگا و مارکێت و دوکانەکان ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت شوێنی دانان و عەمبارکردنی ئاوی لەدەبەنراو لە (25) پلە زیاتربێت، بەپێچەوانەوە روبەڕوی داخستن و رێکارە یاساییەکان دەکرێتەوە.

سەرۆکی لیژنەی کارگەو کۆگای ئاوی لەدەبەنراو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هەر بارهەڵگرێک بەشێوەیەکی دانەپۆشراو ئاو و خواردن و خواردەنەوە لەپلەی گەرمی بەرز و بەر تیشکی خۆر بگوازێتەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت و خۆشی سزا دەدرێت.

لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.

کامەران کەریم