پارکەکانی راوەستانی ئوتۆمبێل لە چاڤیلاند دادەخرێن

(0) / / کردستان / زایەڵە ئۆتۆمبێل


Jun 07, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان و بەهۆی زیاد وەرگرتن و بەکرێدانی شەقامی گشتی، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەرسێ پارکی ئۆتۆمبێلەکانی پرۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند دادەخات.
رائیدی هاتوچۆ دانا عوسمان، سەرۆکی لیژنەی هاتوچۆ رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان کە لە قائیمقامیەتی سلێمانی تۆمارکراوە، لەرۆژی جیهانی مناڵاندا، پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند نرخی وەستانی ئۆتۆمبێلی بەرزکردوەتەوە بۆ سەرو (2000) دینار، بۆیە لەلایەن لیژنەی هاتوچۆی سەر بەلیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە پسوڵەی سەرپێچی بۆکراوە.
وتیشی،لەکاتی سەردانی لیژنەکە بۆ  پارکەکانی چاڤیلاند، دەرکەوتوە کە شەقامە گشتییەکانی چواردەوری پڕۆژەکەی وەک پارکی وەستانی ئوتومبێل بەکارهێنراوە و کرێییەکی زۆریش لە شۆفێران وەرگیراوە.
هەروەها، یەکێکی دیکە لە سەرپێچییەکانی پارکەکانی چاڤیلاند، هەبونی بڕێکی زۆری قەرزەی قائیمقامیەتی سلێمانییە کە بەهۆی تۆمارکردنی سەرپێچییەکی زۆری ساڵانی پێشوە کەپابەندی مەرجەکانی کارکردن نەبوە و غرامەی بۆ نوسراوە.
رائیدی هاتوچۆ دانا عوسمان، سەرۆکی لیژنەی هاتوچۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی هەرسێ پارکی وەستانی ئوتومبێلەکانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند دادەخرێت و روبەڕوی رێکارە یاساییەکانیش دەکرێنەوە.
لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.
کامەران کەریم