مامۆستایەکی زانکۆ بۆزایەڵە: ئابوری هەرێمی کوردستان ئابوریەکی سەربەخۆ نیە

(0) / / گفتگو / زایەڵە ئابووری هەرێمی کوردستان شەماڵ ئەحمەد


Jun 22, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شەماڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  ئابوورى هەرێمى کوردستان ئابوورییەکى سەربەخۆ نییە، بەڵکو ئابوورییەکەى وابەستەیە بە دوو مەرجى سەرەکیی هێزەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان کە بریتین لە: ئارەزووى ئەو هێزانە کە چ ئاستێک دەخوازن کە ئابوورى هەرێمى کوردستان ببوژێتەوە، مەرجى دووەمیش تواناى ئابوورى هێزەکانى دەرەوەیە کە ئاستى گەشەى ئابووریی چواردەورمان بەرەو چ ئاستێک هەنگاوى گرتووە -لە ڕاستیشدا ئەم مەرجەى دووەمیان ئەگەر ئاستى گەشەى هێزەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بەرەو ئاستێکى باڵا بێت یان ئاستێکى نزم لە زیانى هەرێمى کوردستانە هۆکارەکەشى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە ئابوورى هەرێمى کوردستان لەلایەن ئەو هێزانەوە لە پاراوێزدا لێی دەڕوانرێت.

وتیشی،   ئەم بارودۆخە هاوکات لەگەڵ ئاست و شیوازى بەرهەمهێنان و وەبەرهینان لە کوردستاندا ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن کە تا ئەم ساتە ئابوورى کوردستان لاواز و بێ کاریگەر و پاشکۆیە. تێڕوانین لەم بابەتە لەڕوانگەى سیاسەت ئابوورییەوە ئەوەمان پێدەڵێت کە پێویستە هەرێمى کوردستان بەشێویەکى ژیرانە مامەڵە لەگەڵ سنوورى دوور و درێژى هەرێم لەگەڵ وڵاتانى چواردەوردا بکات، بۆ نمونە هەریەک لەوڵاتانى تورکیا و ئێران و سوریا هاوسنوورى نێودەوڵەتى هەرێمى کوردستانن، ڕۆڵ و پێگە و ئەرکى ئابوورى هەریەک لەم سێ وڵاتە بەپێی کات گۆڕانکارى بەسەردا دێت، بۆیە پێویستە هەرێمى کوردستان سوود لەدەرفەت و کاتە باشەکان وەربگرێت بەپێی بەرژەوەندییەکانى خۆى لەگەڵ وڵاتانى چواردەوردا، ئەمە بریتی نییە لەوەى کە یەکێک لەم وڵاتانە پێش یەکێکى دیکە بخەین لە مامەڵە داراییەکان و بازرگانى و ئابوورییەکاندا بەڵکو بریتیە لەوەى کە چۆن سوود لەئەزموونى ڕابردوو وەربگرێن بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتوو، نمونەیەکى زۆر نزیک، لەسەروبەندى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمدا هەریەک یەکێک لە سزا ئابوورییەکانى سەرهەرێمى کوردستان کردنەوەى دەروازەى سنوورى نێودەوڵەتى نوێ بوو لەبرى ئەو دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییانەى کەلەکوردستانەوە عێراقیان بەجیهانى دەرەوە دەبەستەوە، تورکیا لەگەڵ حکومەتى عێراقدا لەهەوڵى کردنەوەى سنورێکى نوێ بوو کە ببێتە جێگرەوەى سنورى نێودەوڵەتى (ئیبراهیم خەلیل) کە ئەمە گورزێکى کوشندە دەبوو لە ئابورىى هەرێمى کوردستان، 

ئەوەشی خستەڕو، ئەم بابەتە پێویستە لەبەرچاو بگرێت لەلایەن بڕیاردەرانى سیاسەتى دەرەوەى حکومەتى هەرێم، بەکورتى یەکەکانى نێو گەمەى ئابوورى لەم سەردەمەى ئێستادا هەولى مانەوە دەدات لەناوچەیەکى ئارامدا کە هەم دەستکەوتەکانى خۆى و بەرامبەریشى بە ڕێژەیەک پارێزراو بێت کە نەگاتە ئاستى دابڕان، لادان لەم پرنسیپە، یەکەیەکى هەلپەرست و خۆسەپێنمان پێدەناسێنێت کە مەترسییە لەسەر ئاسایشى ئابوورى هەرێمى کوردستان.

کامەران کەریم