هەنگەوانانی ئێرانی لە دارستانەکانی هیرکانی هەنگوینی سروشتیی بەرهەم دەهێنن

(0) / / اقتصادی / زایەڵە هەنگوین گوڵستان ئێران


Jul 20, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - هەنگەوانانی شاری رامیان سەر بە پارێزگای گوڵستان باکووری ئێران، لە دارستانەکانی هیرکانی کە دەوڵەمەندن بە گژوگیا، هەنگوینی سروشتیی بەرهەم دەهێنن.

 

دارستانەکانی هیرکانی کە بە درەختە کۆنەکانیان ناسراون و بە کۆنترین دارستانەکان دادەنرێت، بەهۆی هەمەجۆریی رووەک و گژوگیاوە بوونەتە جێگەی بایەخی هەنگەوانانی ناوچەکە.

 

ناوچەی پێشمەکی کە دەکەوێتە تەنیشت قەڵای میران، بووەتە پەناگەیەک بۆ سروشتدۆستان، ئاژەڵە کێوییەکان و هەنگەوانان.

 

ئەم ناوچەیە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە، کەم کەس دەتوانن پێی بگەن، هەر بۆیە ​​هەنگەوانان پورەکان دادەنێنەوە بۆ ئەوەی وەرزێکی بەرهەمداریان هەبێت و هەنگوینی سروشتی بەدەست بهێنن.

 

لە کاتێکدا کە گەرمای سووتێنەری هاوین لە شاری رامیان ئەزموون دەکرێت، کەشوهەوای بەهار لە ناوچەی پێشمەکی کە دەکەوێتە ناو دارستانەکانی هیرکانی زاڵە.

 

بەهۆی بەرزیی کوالێتییەوە ئەو هەنگوینەی کە لە ناوچەکە بەرهەم دەهێنرێت، خواستێکی ئێجگار زۆری لەسەرە.

 

- "زیاتر لە ٣٠٠ پورەم هەیە"

 

جەواد نەعیمی کە ساڵانێکە زۆرە لە ناوچەکەدا هەنگەوانی دەکات، بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی باسی لە کاری سەختی هەنگەوانان لە ناوچەکەدا کرد.

 

نەعیمی رایگەیاند کە شاری رامیان وەک ناوەندێکی هەنگەوانی وایە لە پارێزگای گۆڵستان و نزیکەی ١٦ ساڵە بە کاری هەنگەوانییەوە خەریکە.

 

بە ئاماژەدان بەوەی کە ناوچەی پێشمەکی یەکێک لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی هەنگوین، نەعیمی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هەنگوینەی لەم ناوچەیەدا بەرهەمی دەهێنن خواستی زیاتری لەسەرە.

 

جەواد نەعیمی هەنگەوانیی بە "پیشەیەکی جوان" وەسف کرد و گوتی: "ناوچەی پێشمەکی ئاوێتەی سروشتە، ئارامە و دوورە لە جەنجاڵی شار. نزیکەی ١٦ ساڵە بەم کارەوە خەریکم. رۆژانە دێم، یەک دوو کاتژمێر لێرە کارە دەکەم، پاشان گەشت دەکەم و پشوو دەدەم. زیاتر لە ٣٠٠ پورەم هەیە، ساڵانە نزیکەی سێ تۆن هەنگوین بەرهەم دەهێنم. دڵخۆشم، سوپاس بۆ خوا. سوود لە سروشت وەردەگرم. سروشتم خۆشدەوێت".

 

بەهارە نەعیمی (نۆ ساڵ) کە لەگەڵ باوکیدا هاتبوو بۆ پشکنینی هەنگەکان، باسی لەوە کرد کە حەزی لە کاری هەنگەوانە و گوتی: "کاتێک باوکم دێتە ئێرە لەگەڵیدا دێم".