نێچیروان بارزانی: دەبێ زیاتر خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانییانی هەڵەبجە بکەیین
(0)
بەبۆنەی 33 ساڵەی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکه‌وه‌ییی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی کوردستان دەکەینەوە. وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدان و بەفیڕۆنەچوونی ڕەنج و خەباتی گه‌له‌که‌مان، هەر ئەوەمان لێ دەخوازێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دەقی په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له یادی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا: ئەمڕۆ سی و سێ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی بەعس و شه‌هیدبوونى زیاتر له پێنج هەزار هاووڵاتیی بێ‌تاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و وێرانبوونی شارەکە و ده‌ربه‌ده‌ربوونی خەڵکەکەیدا، تێدەپەڕێت.
لە یادی هەرگیز لەیادنەچووی ئەو مه‌رگه‌ساته گەورەیەی بەسەر گەلەکەماندا هات، وێڕای دروود و سڵاو و سەردانه‌واندن لە ئاست شەهیدان و قوربانییەکاندا، وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکه‌وه‌ییی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی کوردستان دەکەینەوە. وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدان و بەفیڕۆنەچوونی ڕەنج و خەباتی گه‌له‌که‌مان، هەر ئەوەمان لێ دەخوازێت.
لەم یادەدا دووبارە جەخت لە بایەخدانی زیاتر بە هەڵەبجە و خەڵکەکەی دەکەینەوە. خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانییان، کار و هەنگاوی زیاترمان لێ دەخوازێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرز و ستەمدیدەکەی بێت.
داواکارین حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی، لەمباره‌یه‌وه ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووان و ژینگەی وێران‌کراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە، هەنگاوی کردەیی بنێت.
لە یادی مەرگەساتی هەڵەبجەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ده‌که‌ین کاری جددی بکەن بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ و بنەبڕکردنی چەک و تەکنۆلۆژیای مردن. دەبێ ئه‌مه خەمی هەموو جیهان بێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییه‌تدا.
شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه و هەموو شەهیدانی گەلەکەمان هەمیشە لە یادمانن و لە ویژدانی کوردستانییاندا زیندوون. سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكیان.
تێبينيێك بنێرە: