کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ھۆشداری دەدەن لە بێکاربوونی ھەزاران کرێکار

(0) / / کردستان / زایەڵە ئابووری نەوت هەرێم


Jul 28, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ھۆشداری دەدەن لە بێکاربوونی ھەزاران کرێکار و دەڵێن بەردەوام بوونی راگرتنی ھەناردەی نەوت بەرھەمھێنانی ٤٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە دەخاتە مەترسییەوە، کە بەپێی یاسای بودجە دەبێت ھەرێم رادەستی عێراقی بکات.

کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوت لە ھەرێم کە پێکھاتوون لە کۆمپانیاکانی گەنەڵ ئینێرجی، گەلف کیستۆن، ئیچ کەی ئێن، شاماران پیترۆلیۆم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەردەوامی راگرتنی ھەناردەی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر وەبەرھێنانی بیانی لە ھەرێم دروستکردووە.

باسیان لەوەشکردووە، بەبڕی نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار پلانی خەرجیان لەمساڵدا لە ھەرێمی کوردستان کەمکردووەتەوە لەگەڵ دانانی پلان بۆ پێداچونەوە بە خەرجییەکانیان لەساڵی داھاتوودا.

کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوت لە ھەرێم دەڵێت، بەھۆی نادیاری دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بەکردەیی کۆمپانیاکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری رێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی خەرجی، ئەوەش بێکاربوونی ھەزاران کرێکاری لێدەکەوێتەوە.

دەشڵێت، پیشەسازی نەوت زیاتر لەسەدا ٨٠ ی داھاتی بۆ ھەرێم دابینکردووە لەساڵی  ٢٠٢٢دا، ئەگەریش راگرتنی ھەناردەی نەوت بەردەوام بێت وەبەرھێنانی بیانی زیاتر کەمدەبێتەوە، ئەوەش ئاستی بەرھەمھێنانی رۆژانەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت دەخاتە مەترسییەوە، کە بەپێی یاسای بودجەی عێراق دەبێت ھەرێم رادەستی بەغدادی بکات.

کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوت لە ھەرێم جەختدەکاتەوە، ھەناردەکردنەوەی بەپەلەی نەوت و پێدانی شایستە داراییەکان بەشێوەیەک کە لەگەڵ گرێبەستەکان بگونجێت، کارێکی پێویستە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەبەرژەوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستان.