پارتی و یەکێتی: پشتیوانیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین لەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە پارتی یەکێتی سەرۆکی هەرێم هەڵبژاردن


Jul 30, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا پشتیوانیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی تەممووزی 2023، لە دەباشان شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، شاڵاو عەلی عەسکەری و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی پێشوازییان لە شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتیی فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتیی هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، پشتیوان سادق و عەلی حوسێن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کرد و کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، هەردوو مەکتەبی سیاسی راگەیێندراوێکی هاوبەشی پێنج خاڵییان بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە هاوهەڵوێستی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە رۆژێکی بۆ دیاریدەکرێت، هاوکات جەخت لە یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پشتیوانیی کارنامەی حکومەت دەکەنەوە و بڕیاریشیانداوە درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن.
 
دەقی راگەیێندراوە پێنج خاڵییەکەی پارتی و یەکێتی کە لە کۆبوونەوەکە لەسەری رێککەوتوون:
 
1- هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
2- بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.
 
3- بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
 
4- هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.
 
5- لەپێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا، بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.