پاڕێزگای هەڵەبجە سوپاسی پەرلەمانی عێراق و کوردستان دەکات

(0) / جهان


Mar 17, 2021

قەبارەی فۆنت:
پارێزگاری هەڵەبجە سوپاسنامەیەک ئاڕاستەی هەردوو پەرلەمانی عێراق و کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات .

بەگوێرەی ڕاپۆرتی زایەڵە  ،دوای ئەوەی  دوێنی 16/3/ 2021لەپەرلەمانی کوردستان دانیشتێک  بۆ بواری ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بۆ پارێزگای هەڵەبجە و گرفتە ئیدارییەکانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ئێمە لە پارێزگای هەڵەبجە سوپاس و پێزانی خۆمان بۆ پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم ئەندامان و وەزیرەکان دەردەبڕین هیوادارین  بە پێشنیار و هەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی خزمەتکردن بە پارێزگای هەڵەبجە و قوربانیانی  بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە هەموو سێکتەرەکاندا، بەرهەمی دانیشتنەکەیان ببینین، کە دڵنیاشین لەداهاتوودا دەیبینین.

هاوکات هەر دوێنێ لە یادی 33هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی پەرلەماندا ، حکومەتی ڕاسپارد بۆ تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە، ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق لای پارێزگاری هەڵەبجە و دانیشتوانەکەی  جێگەی ڕێز و پێزانینە و گەورەترین و جوانترین دیاری کۆماری عێراقی فیدڕاڵە، بۆ هەڵەبجە، ئەمەش  دەرخەری ئەو ڕاستییە، کە کەیسی هەڵەبجە، کەیسی هەموو عێراق و دانیشتوانەکەیەتی.

پارێزگاری هەڵەبجە بە پێزانینەوە دەڕوانێتە سەردانی هەریەک لە بەڕێزان( د. بەختیار شاوەیس) ئەندامی پەرلەمانی عێراق له فراکسیۆنی یەکێتی نیشیمانی کوردستان و (د. مسەنا ئەمین) ئەندامی پەرلەمانی  عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، بۆ سەردانەکەیان، بەنوێنەرایەتی فراکسیۆنە کوردییەکان بۆلای بەڕێز مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونیان خستبوویە بەردەم بەڕێزیان، سەرۆک وەزیران بەو هەڵوێستە نیشتیمانی و عێراقیانەی سەلماندی، کە هەڵەبجە تەنها زامی کورد نیە هی هەموو عێراقیەکانە و دامەزراوەکانی ڕاسپاردووە بۆ تەواوکردنی  ڕێکارە ئیدارییەکان ، کە ئەمە جێگەی سوپاس و پێزانینی ئێمەیە.

پارێزگاری هەڵەبجە سوپاسی سەرجەم فراکسیۆنەکانی  یەکێتی و پارتی و گۆڕان و یەگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ دەکات، کە لە ڕابردوو لە ئێستادا بە یەک تیم بەدەم داوکاریەکانی پارێزگای هەڵەبجەوە بوون.

 

کامەران کەریم