له‌ كەركووك دوو حزب بایكۆتی هەڵبژاردنیان ڕاگه‌یاند

(0) / / عراق / زایەڵە هەڵبژاردن حزبی زەحمەتكێشان بزووتنەوەی دیموكراتی كەركووک


Aug 07, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، دوو حزبی كوردن و بەفەرمی هەڵوێستی خۆیان و بایكۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیان راگەیاند.

شوان محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی زەحمەتكێشانی كوردستانە و دەڵێ:  ئێمە لە دەستپێكی پرۆسەكەوە زۆر هەوڵمان دا بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەكانی سەر ئایندەی كەركووك، چ لە ئاستی كۆبوونەوەی حزبەكان و چ لە دەركردنی بەیاننامە و یاداشتەوە بۆ رای گشتی خەڵكی كوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: لە هەوڵەكانمان سەركەوتوو نەبووین، كورد لە كەركووك نەیتوانی یەك لیستی دروست بكات و مەترسییەكانی ئایندەی كەركووك لەبەرچاو بگرێت، بەشێك لە حزبەكان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن، بۆیە یەك لیستی سەری نەگرت.

باسی له‌وه‌ش كرد: كە ئێمە لەم كۆنگرە رۆژنامەوانییە رای دەگەیەنین، هەردوو لامان بەشداری هەڵبژاردن ناكەین و بایكۆتی دەكەین، ئەمیش لەپای خەمخۆریمان بۆ ئایندەی كەركووك، بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییانەی لە هەڵبژاردنی ئایندەی كەركووك دێتە پێشەوە، رای دەگەیەنین لەگەڵ هیچ لیستێك و هاوپەیمانیەتییەكدا هیچ رێككەوتنێكمان نییە، ئەم هەڵوێستەشمان بۆ ئەوەیە دەنگی كورد لە كەركووك نەسووتێ.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو: ئەم یاسا هەمواركراوە وا داڕێژراوە لە پەرلەمانی عێراق، لە بەرژەوەندیی لیستە گەورەكاندایە، بۆیە ئێمەش زۆر دڵنیاییمان دا دەبێ كورد لەبارەی ئەو مەترسییانەی لە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان هەیە، دەبێت هەموو ململانێیەكی حزبی وەلا بنرێت و یەك لیستی لە كەركووك رابگەیەنن، بەڵام ئەم یەك لیستییە ئەنجام نەدرا، بۆیە ئێمە نابینە هۆی سووتانی هیچ دەنگێك لە كەركووك، لەبەرئەوە بەشداری هیچ لیستێك و هاوپەیمانیەتییەكمان نەكردووە.

کامەران کەریم