ئێران: پرۆسەی ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانمان لە عێراق و کۆریای باشوور دەستیپێکرد/ گەرەنتی پێویست لە ئەمریکا وەرگیراوە

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران ئەمریکا


Aug 11, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئێران بە فەرمی رایگەیاند، پرۆسەی ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی لە عێراق و کۆریای باشوور لەلایەن ئەمریکاوە دەستیپێکردووە و لەبەرامبەردا تاران ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەمریکی کە لە ئێران زیندانیکرابوون، ئازاد دەکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کە شەوی پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، رایگەیاند: "پرۆسەی ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە چەند ساڵێکە بەشێوەیەکی نایاسایی لە کۆریای باشوور لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە، دەستیپێکرد. ئێران گەرەنتی پێویستی بۆ پابەندبوونی ئەمریکا بە ئەرکەکانی لەم بوارەدا وەرگرتووە."
 
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لابردنی کۆت و بەندەکانی سەر سەرچاوە داراییەکانیمان کە بە نایاسایی و بەهۆی نیگەرانیی بانکە دەرەکییەکان لە گەمارۆ چەپەڵەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی نایاسایی سڕ کراون یان بەکارهێنانیان قورس کراوە، هەمیشە لە بەرنامەی وەزارەتماندا بووە."
 
سەبارەت بە چۆنییەتی وەرگرتنەوە یان خەرجکردنی پارەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "شێوازی کەڵکوەرگرتن لەو سەرچاوە داراییانە لە بەردەستی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە، ئەو پارەیە بەپێی بریاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی وڵات خەرج دەکرێت."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "لە چوارچێوەی رێکەوتنەکەدا ژمارەیەک هاووڵاتی ئێرانی کە لە ئەمریکا زیندانی کراون لە ماوەیەکی نزیکدا ئازاد دەکرێن، هەروەها ژمارەیەک زیندانی ئەمریکیش لەلایەن ئێرانەوە ئازاد دەکرێن.
 
لە لایەکی دیکەوە، بە پێی ئاژانسی هەواڵی فارس، محەمەد جەمشیدی، جێگری کاروباری سیاسی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، دوای ئازادکردنی پارەی ئێران لە عێراق، پرۆسەی ئازادکردنی سەرجەم سەروەت و سامانی ئێران لە کۆریای باشووریش دەستیپێکردووە و تاوەکو گواستنەوەی تەواوی پارەکە، گیراوە ئەمریکییەکان لە ئێران دەمێننەوە.