چەند بڕیارێک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا لە گەرمیان دەرکرا

(0) / / اجتماعی / زایەڵە كۆرۆنا ڤایرۆس گەرمیان


Mar 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند بڕیارێک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم ڤایرۆسە دەرکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ڕۆژی (17/3/2021) ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە سەرپەرشتی بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ئامادەبونی ئەندامانی ژور، كۆبونەوەیەکی  تایبەت بەگرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی لەرۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزدا ئەنجامدا و لە كۆبونەوەكەشدا ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە دران.
1. جەختكردنەوە لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی بەیانی ژمارە (10)ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.  
2. جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، جەژنی نەتەوەیی کوردە و بەرز و پیرۆز رادەگیرێت، بەڵام بەھۆی رێکارەکانی خۆپارێزی ھیچ بۆنە و ئاھەنگێک ساز نادرێت، تەنھا رێوڕەسمی كردنەوەی ئاگری نەورۆز لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیانەوە لەسەر قەڵای شێروانە، بەبێ ئامادەبوونی بەرپرسان و ھاوڵاتیان و دور لە قەرەباڵغی ئەنجامدەدرێت.
3. لەرۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزدا، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتەكان رادەستپێردرێن بە چاودێریكردنی شوێنە گەشتیاراییەكان و مۆڵ و بازاڕ و شوێنكار و چێشتخانە و چاخانە و كافتریا و شوێنە گشتییەكان، بە مەبەستی جێبەجێكردنی رێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەكان، پێویستە ھاوڵاتیان و کاسبکارانیش بە بەستینی دەمامک و رێکارەکانی تری خۆپارێزی پابەندی رێنماییەکان بن.
4. دانانی پرسە لە ناو گەڕەكەكان بە قەدەغەكراوی دەمێنێتەوە بەتایبەت دانانی خێمە بەھەموو شێوەیەک رێگەپێنەدراوە، داوا لەھاوڵاتیان دەکەین بۆ ئەو مەبەستە ھاوکارمان بن.
5. بەپێی ئامارەکانی تەندروستی ژمارەی توشبون بە پەتای کۆرۆنا لە ھەڵکشاندایە، داوا لەهاوڵاتیانی خۆشەویست دەكەین، لەپشووی جەژنی نەورۆز و رۆژانی دواتردا لە سەیران و گەشتەکانیان رێکارەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر و خۆیان بە دوربگرن لەدروستكردنی قەرەباڵغی، بەتایبەت خێزانەکان لەشوێنە گەشتیاریەکاندا پێویستە پابەندبن بەرەچاوکردنی دوری نێوانیان، ئەوەش لەپێناو سەلامەتی ھەموو لایەک و رێگری لە خراپتربوونی بارودۆخەکە.
کامەران کەریم