لە 18ـی ئابەوە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە دەستپێدەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە ئیمام حسێن کەربەلا عەبدوڵڵا ئاکرەیی


Aug 14, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە- بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران دەڵێت، لە 18ـی ئابەوە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن  دەستپێدەکات. 
 
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران دووشەممە 14-08-2023  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوە لەنێوان پارێزگاری هەولێر و ورمێ، یەکەم تەوەر باسی چلەی ئیمام حوسێن کرا کە پار ئەوانەی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی کەربەلایان کرد زیاتر لە 50 هەزار کەس بوون. حکومەتی ئیران لە کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر رازی بوو، چونکە زیارەتکارانیان تووشی هیچ کێشەیەک نەبوون؛ بۆیە بۆ ئەمساڵ پێشبینی هاتنی زیارەتکاری زیاتر دەکرێت".
 
بەگوتەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، "دوای ئەوەی بڵاوبووەوە رێگەی هەرێمی کوردستان سەلامەتە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە رێگەی دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە بەتایبەت حاجی ئۆمەران 500 هەزار زیارەتکار سەردانی کەربەلا بکەن بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن، چونکە پێنج بۆ شەش پارێزگا لە حاجی ئۆمەرانەوە نزیکن وەکو ورمێ، تەورێز، قەزوین، مازندەران و زەنجان."
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران کردووە. عەبدوڵڵا ئاکرەیی دەڵێت، "وەزارەتی ناوخۆ کۆمیتەیەکی 12 کەسی پێکهێناوە بۆ ئەوەی هەموو ئامادەکارییەک بکرێت. ئەو کۆمیتەیە نزیکەی 12 لیژنەی پێکهانەوە بۆ ئەوەی بە رێکوپێکی پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت و رێنماییان پێ بدرێت و هەر پرسیارێکیان هەبوو، هاوکاری بکرێن."