بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بڕوانامەی ئایزۆی وەرگرت

(0) / / کردستان / زایەڵە ئاو و ئاوەڕۆ ئایزۆ هەرێم


Aug 21, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ گەیشتن بە سیستەمی ئیداریی پێشكەوتوو بەردەوامە و لەو ڕوانگەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بڕوانامەی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی جۆری (ئایزۆ)ی وەرگرت كە بەشێكە لە هەوڵەكانی چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كار بەڕێوەبردن.

ئاری ئەحمەد بەرێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕای گەیاندبەزایەڵەی ڕاگەیاند:  بۆ ماوەی نزیكی ساڵێک كاری بەردەوام و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەتمەند بۆ ئەوەی كارەكانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكە بخرێنە ژێر سیستەیمی ئایزۆ، خۆشبەختانە  یەكشەممە (20/8/2023) بڕوانامەكەمان پێ گەیشتەوە و توانیمان بە سەركەوتوویی بڕوانامەی ISO:9001:2015 بەدەست بهێنین.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەوڵی داوە لەسەر ئاستی هەموو سێكتەر و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكاندا بڕوانامەی ئایزۆ بەدەست بهێنێت، چونكە  كاریگەری باشی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەكان دەبێت. بۆ ئەم مەبەستە، پێشتر لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی بەڕێوەبردنی جۆری (ئایزۆ)ی وەرگرت و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تا تەواوی سێكتەرەكان ئەو بڕوانامەیە بەدەست دەهێنن.

پێشتر ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕای گەیاندبوو: لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ڕێنمایییە بەردەوامەكانی جەنابیان بۆ چاكسازیی كارگێڕی لە هەموو دامەزراوەكانی حكوومەتدا، ئێمە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستمان كرد بە بەسیستەمكردنی كارەكان بۆ ئەوەی لەمەودوا بە باشی و بەپێی ستاندەرە جیهانییەكان بەڕێوەبچن و بە  خەڵكی هەرێمی كوردستان بڵێین حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كاربەڕێوەبردن بەردەوامە.

کامەران کەریم