دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رادەستکردنەوەی بارەگاکەی پارتی لە کەرکووک رادەگرێت

(0) / / عراق / زایەڵە پارتی بارەگا کەرکوک


Sep 04, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی عەرەبی پارێزگای کەرکووک بڕیاری راگرتنی رێکارەکانی تایبەت بە رادەستکردنەوەی بارەگایەکی پارتی لەکەرکووک دا. دادگەکە دەڵێت، "بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگاکە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە، رادەگیرێت تاوەکو ئەو سكاڵایەی دژی ئەو بڕیارە دراوە یەکلایی دەکرێتەوە."
 
 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی یەکشەممە، 3-9-2023، لەسەر داوای پەرلەمانتار وەسفی عاسی حوسێن کە پەرلەمانتارێکی عەرەبی کەرکووکە و داوایکردبوو دادگەکە بڕیارێکی بەپەلە بۆ راگرتنی رێکارەکانی رادەستکردنەوەی بارەگای "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک" کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بارەگای خۆی دەزانێت و داوای دەکاتەوە، بدات. دادگەکە بڕیاریدا تاوەکو یەکلاییکردنەوەی ئەو سكاڵایەی دژی ئەو بابەتە کراوە، سەرجەم رێکارەکانی رادەستکردنەوەکە رابگیرێن.
 
وەسفی عاسی حوسێن، پەرلەمانتاری عەرەب لە کەرکووک، سکاڵایەکی بە ژمارە (213/فیدراڵی/20230) پێشکێشی دادگەی فیدراڵیی عێراق کردبوو و، داوای کردووە دادگەکە ئەو بڕیارەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەڵبووەشێنێتەوە کە رۆژی 25ـی ئابی 2023 دەریکردووە و تێیدا هاتووە، "ئەو باڵەخانەیەی کە ئێستا بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە لە کەرکووک و ئەو شوێنەوارانەی کە لێی کەوتووەتەوە" رابگرێت تاوەکو ئەو سکاڵایەی تۆمارکراوە یەکلایی دەکرێتەوە کە تێیدا داواکراوە ئەو بڕیارە هەڵبووەشێندرێتەوە.
 
پاساوی دادگەکەش بۆ ئەو بڕیارەکە، پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و گیانی هاووڵاتییان و پاراستنی دەستووری عێراقە کە جەخت لەسەر پێکەوەژیان و پاراستنی سەروەرەی و یەکێتیی خاکی عێراق دەکاتەوە.