حکومەتی عێراق: سەرجەم پابەندبوونەکانمان بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێکردوون

(0) / / عراق / زایەڵە بودجە بەغدا هەرێم کوردستان


Sep 08, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند حکومەتی ناوەندی سەرجەم پابەندبوونە داراییەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردوون، دەشڵێت تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران ئەو پارانەی لەلای هەرێمی کوردستانە بووە، بەپێی خەرجیی راستەقینە زیاتر لە سێ هێندەی پشکەکەی بووە لە بودجەدا. 
 
 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی هەینی، 8-9-2023، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵی تەواوی پابەندبوونەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە و هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پێشکێشکردنی چارەسەرییەکان، تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران بڕی ئەو پارانەی لە لای هەرێمی کوردستان بووە زیاتر لە سێ هێندەی پشکی هەرێمی کوردستان بووە بەپێی خەرجی راستەقینەی دەوڵەت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەوتی و نانەوتیی رادەست نەکردووە."
 
عەوادی، کە پۆستەکەی بە هەر سێ زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی کردووە، دەڵێت، "بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی دەبوو ئەو داهاتانە رادەستبکرێنەوە، سەرباری پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی بڕیاری دا گوناهی ئەو پابەندنەبوونە نەخرێتە سەر هاووڵاتیانی عێراقی لە هەرێمی کوردستان.. بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان تاوەکو کێشە داراییەکانی بەپێی رێکارەکان چارەسەر دەکات."
 
باسم عەوادی، باسی ئەوەشدەکات کە حکومەتی ناوەندی پابەندی مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و دەڵێت: "هاوشێوەی رژدبوونی لەسەر مافی هاووڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکە رژدین لەسەر مافی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان."
 
سەبارەت بە رێگەچارەی کێشەکانیش، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت: "پابەندبوون بە یاساکانی فیدراڵی و رێککەوتنە واژۆکراوەکان لەچوارچێوەی دەستوور کورتترین رێگەیە بۆ تەواوکردنی ناردنی پارە و تۆکمەکردنی متمانە."

ئەو قسانەی گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەکاتێکدان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس خشتەیەکی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە بۆ هەر مانگێک بەغدا دەبوو بەگوێرەی یاسای بودجە 1.375 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بۆ هەر سێ مانگەکە هەرێمی کوردستان "0٪ـی ئەو بڕەی پێگەیشتووە.