سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێراندا کۆبووەوە

(0) / / ایران / زایەڵە بافڵ تاڵەبانی قاڵیباف ئێران


Sep 10, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تاران لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێراندا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رەفعەت عەبدوڵڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەبوون، پەرەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێم و بەتایبەت یەکێتی و کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لێکرایەوە و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاراستنی ئاسایش و هەماهەنگی کەلتووری گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ستایشی رۆڵی سەرۆک مام جەلالی کرد لە بونیادنانی عیراقی نوێ و پاراستنی تەبایی و پێکەوەژیان لە نێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکاندا. وتیشی، یاد و یادەوەریی سەرۆک مام جەلال هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە و ئێستاش یەکێتی بەهەمان رۆحیەتەوە درێژە بەو سیاسەتە تەندروستە دەدات، کە بێگومان هێزێکی کاریگەرە و رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا.
لە درێژەی دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکاندا بەردەوامە، هیوادارم هەموومان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاو بنێین و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە کاری لەپێشینەمان بێت.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و پەیوەندییەکانی حزبەکە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ بافڵ تاڵەبانی وتی، یەکێتی بە ئیرادەیەکی بەهێز و سەربەخۆوە درێژە بە هەمان سیاسەتی هاوسەنگ و حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدات و دەمانەوێت خزمەتی گەلی خۆمان بکەین. بڕواشمان وایە دەتوانین لەگەڵ دۆستەکانمان هەماهەنگی تەواومان هەبێت و پێکەوە لەپێناوی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاو بنێین، پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ شیعە و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەو چوارچێوەیەدایە.