کامیل مەحمود بۆ زایەڵە: بەڵگەنەویستە کە ئەم وڵاتە گۆڕانکاری ڕیشەیی پێویستە

(0) / / کردستان / زایەڵە گۆڕانکاری کامیل مەحمود


Sep 24, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - کامیل مەحمود نوسەرو ڕۆژنامەنوس بەزایەڵەی ڕاگەیاند: بەڵگەنەویستە کە ئەم وڵاتە گۆڕانکاری ڕیشەیی پێویستە، ئەم گۆڕانکاریەش بە لایەنێک و دووان ناکرێت و بەرەیەکی هاوبەشی هەمەلایەنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێویستە، ئەرکی حزبەکان و سەندیکاو ڕێکراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە ک دەستپێشخەربن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیەتییەکی بەرفراوان کە خۆیان و نوخبەی ڕۆشنبیری ناڕازی و کەسایەتییە سیاسییە سەربەخۆکان و ئەکادیمی و زانکۆییەکان و هەموو دەنگە ناڕازی و چالاکەکانی خولەکانی پێشووی پەرلەمان لەخۆ بگرێت، ئەم هەرێمە لەلێواری ڕووخانی تەواودایەو ئەم دەسەڵاتەی ئێستاش بێ باک و بێ پلانەو لەسەر ڕیتمی سی و دوو ساڵی ڕابردووی خۆی دەڕوات.
وتیشی: وڵات لەئێستادا پێویستی بە بەرەی ڕزگاری نیشتیمانی هەیە کە هەموو دەنگە ناڕازییەکان لەخۆ بگرێت بەجیاوازی هزرو ئایدۆلۆژیاو بیرکردنەوەی سیاسییانەوە،  پێویستە حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات بەگەورو بچووک و ئیسلامی و عەلمانی و چەپ و ڕاستەوە لەگەڵ کەسایەتییە ئەکادیمی و سیاسییەکان کار بۆ پێکهێنان و گەڵاڵەکردنی پرۆژەی ڕزگاری نیشتیمانی بکەن پێش ئەوەی هەموو شتێک لەدەست بدرێت، دەبێت خاڵی یەکەم و هاوبەشی نێوانیان خۆدابڕینیان بێت لەو هێزانەی وڵاتیان بەم ڕۆژە گەیاندووەو جارێکیتر تێکەڵی هیچ پرۆژەو پلانێکیان نەبن، پێکەوەبوونی هەموو هێزە ناڕازییەکان متمانە بۆ خەڵکیش دەگەڕێنێتەوە کە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و دەنگیان پێ بدەن، بەدەر لەوە خەڵک ئامادە نییە بەشداری بێ سوودی هەبێ و دەنگی خۆی بەزایە بدات بۆ پرۆژەی پەرتەوازەیی و گەمە و گاڵتەجاڕی حزبگەرایی کە دواجار  هەر بەسوودی ئەم دەسەڵاتەو زیانی خەڵک تەواو دەبێت.
 
کامەران کەریم